کفری لەدوای شەست رۆژ لە چاوەڕوانی بەڵێنەکان

سی و دوو رۆژ خەڵکی کفری لەگەرمای تاقەت پرۆکێنی شارەکەدا بەشەو و رۆژ لە خێوەتێک مانگرتنیان بۆ  خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕاگەیاند ، کە نموونەیەکی جوانی خەباتی مەدەنی بوو و جێ سەرەنجی خەڵک و میدیا و چالاکوان و حکومەت و سەرکردەی لایەنە سیایەکان بوو. مانگرتنێک دوور بوو لە دەستی حزب و لایەن و خێوەتێک بوو بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و پێکەوە بەیەک دەنگی بەرز تەنھا خزمەتی شارەکە ئەولەوێتی ھەمووان بوو . 

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەرەتاکانی مانگرتنەکە ھاتە سەرخەت بۆ کفری و چەند بەڵێنێکی دا و بەشێکی لێ جێ بەجێ کرا.. بەشێک لەمانگرتووان و دەستەی پاڵپشتی خێرا سوجدەی شوکرانەیان برد !! ئەمەش وایکرد دەسەڵاتی حومکرانی و بەتایبەت یەکێتی ئەمەیان بە ئاسانی پێ قبوڵ نەکرا .
لەماوەی یەکەم ھەفتە و دووەم ھەفتەی مانگرتنەکە تیمی حکومەتی خۆجێی گۆڕان لە گەرمیان ھاتنە خێوەتی مانگرتووان و پشتیوانی خۆیان دەربری بۆ داوا ڕەواکانی شارەکە.

لەھەفتەی دووەمی مانگرتنەکە  لەیەک ھەفتەدا سێ وەزیری گۆڕان لە حکومەت ھاتنە نێو خێوەتی مانگرتووان و چەند بەڵێنێکیان دا ، ھاتنەکەیان پشتیوانیەکی باش بوو بۆئەوەی  ھەم حکومەت زیاتر بێتە سەر خەت و ھەمیش خەڵکی مانگرتوو  ئومێدیان ھەبێت بە گەشتنی داواکانیان . راستە ھەر وەزیرێک دەسەڵاتی دیاری کراوە لەوەبەڵێنانەش وەزیرەکانی گۆڕان بەشێکیان جێ بەجێ کراون و بەشێکیان ماونەتەوە بۆ ئەوەی لەرێگای وەزارەتەکانی تر بگەرێتەوە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی جێ بەجێی بکات .
لەچوارەم ھەفتەی مانگرتنەکە وەزیری خوێندنی باڵاش ھاتە خێوەتی مانگرتووان و کۆمەڵێک بەلێنی دا لە بواری کەرتی خوێندنی باڵا و وەزیری تەندروستیش بەکۆمەڵێک بەڵێنەوە ھاتە خێوەتی مانگرتووان  . بەڵام جگە لە لۆگۆیەکی زانکۆی پۆلەتەکنیک  تا ئێستا چارەنووسی  زانکۆکە دیار نیە !!
 بەڵێنەکانی سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت 
لە کۆتاییەکانی چوارەم ھەفتەی مانگرتنەکەی کفری  نوێنەری مانگرتوان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی و چێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە و  چەند بەڵێنێک درانە مانگرتووان ونوێنەرەکانیان ، بەتایبەت بەڵێنەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دا لە کەرتی گەشتوو گوزار پشتیوانی لە کردنەوەی پرۆژەی گەشتیاری لە شارەکە بکەن و قائیمقامی شارەکە کە مانگرتووان خاڵی سەرەکی داواکاریەکانیان گۆڕینی بوو بیگۆرێت و  لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی شەش سەت ملێون دینار بکەنە سەر حسابی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلەتەکنیک لە گەرمیان و بھێنرێتە کفری  بەڵام تائێستاش یەک دینار نەگەشتووە ، ھەفتانە بەرێوبەرێکی گشتی لە کفری دەوام بکات و چەند کارگەیەک بکرێتەوە و بەتایبەت لە لە کارگەی ئاسنی سەرقەڵا زۆرترین ھەلی کار بۆ گەنجانی کفری بێت و کێشەی زەوییەکانی کەرتی تلیشان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنەران کاری تیا بکەن و  رێگای کفری - خورماتوو بە رووی بازرگانان بکرێتەوە و قیرتاوی گەرەکەکانی ناو شار بکرێت و بارەگای محوەر و سەربەنداوی باوەشاسوار چۆڵکران لە ھێزی پێشمەرگە  . بەم بەڵێناش لە خێوەتی مانگرتووان  دەھۆڵ و زوڕنا لێدراو بەھەڵپەرکێ پێشوازی لێکرا و ناوشار بەلافیتە سەوز پۆش کرا !!!! 
لە دوای سی و دوو رۆژ خێوەتی مانگرتووان لەسەر ئەوبەڵێنانە بەتایبەتی لەسەر بەڵێنەکانی کاربەدەستانی  سنووری زۆنی سەوز بە پەلە  خێوەتەکە لەلایەن دەستەکەوە چۆلکرا . ئومێدی زۆر ھەڵچنرا و ئێستا لەدوای شەست رۆژ لە مانگرتنە مەدەنیەکەی کفری کە وەک سەرۆکی یەکێتی ووتی جوانترین  لۆبی بۆ کرا بوو و لەیەک رۆژ سەرکردەی یەکەمی سێ لایەنی کوردستان داوایان لێ کردبوو لەگەل مانگرتووانی کفری دابنیشێت و حەزرەتی خواست کە ھەموو لایەنەکانی کوردستان لە ژێر یەک خێوەت کۆ ببەنەوە بۆ ئەوەی  رێک بکەون .
بێ گومانیش بەشێکی زۆری دوا کەوتنی شاری کفری ھۆکارەسەرەکیەکەی کاربەدەستانی ئیداری  شارەکەیشە و کە چەندین جار داوامان لە دەستەکە کرد  شارەوانی و کشتوکاڵ و شوێنەوار یەکێک بێت لە داواکارییەکان بۆ گۆڕین بەڵام نەیانکرد!!! کە ھەموومیان  نوێنەری یەک لایەنی سیاسین . 
لەدوای شەست رۆژ کێ بەڵێنەکەی جێ بەجێ نەکرد و کێ سوجدەی برد  و داوای دیداری سەرۆکی حکومەتی کرد لەمیدیا و نەیانیشی بینی !!!  کێ ھەڵپەڕی و کێش بەڵێنەکە دەباتەسەر ئەمانە چەند پرسیارێکن درەنگ بێ یا زوو وەڵامەکەی دەستدەکەوێ. ئەرک و بەرپرسیارتیەکەش لەسەر شانی حکومەت بەتایبەت لەم زۆنە جێگری سەرۆکی حکومەت و لەئەستۆی دەستەی پاڵپشتی کفری و سەرۆکەکەیەتی. 
ئەو دروشمەی دەوترا بە سوجدە و دەھۆڵ زوڕنا . خەونی کفری لە گۆڕنرا ، دەبێتە ڕاستی یان نا ؟


211 جار خوێندراوەتەوە