کفری ... شارێک پێویستی بەخزمەتە

ساڵی (2009) یەکەم جار بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد ئەوکات لیستی ھاوپەیمانی پارتی و یەکێتی لە کفری بە چەند دەنگێکی کەم توانیان یەکەم دەنگی ئەم شارە بن. کە ئەو سەردەمە گۆڕان یەکەمی زۆنی سەوز  بو وە دووەمی زۆنی زەرد بوو .

 

ئەمەش بۆ یەکێتی لەکاتی خۆی بە ئاسانی قبوڵ نە ئەکرا و لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دوای ھەڵبژاردنەکان  ئەندامێکی مەکتبی سیاسی کە لەمیدیاش بڵاو کرایەوە وتبوی لەکفری کەمترین خزمەتمان کردوە و زۆرترین دەنگمان ھێناوە. کە ئەو کات بودجە و پارە ئەژمار نەئەکرا و نەوت  و بودجەی عیراق و پارەی ھەرێم و ھتد ھەبو . بەڵام لە (2009)ەوە تا ئێستا چی لە کفری کراوە؟

 

ھەر لەو کابینەیەی کە بەردی بناغەی زانکۆی گەرمیانی دانا و چەندین بەرێوەبەرایەتی گشتی لە گەرمیان دانرا و چەندین پرۆژە جێ بەجێکرا کەمترینی بەر کفری کەوت . لەمەشدا دەردەکەوێت کێ باڵا دەست و کێ حزبی حاکم بوە لەکفری .

 

کێ بەرپرسە لەدۆخی کفری؟

لەگەڵ ھەڵتۆقینی داعش و  ئاوارە بونی بەشێکی زۆر لەعەرەبی ناوچەکە و ناوەراست و باشور و ھاتنی بەلێشاویان بۆ ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆریان لەسنووری کفری نیشتەجێ بوون . دیمۆگرافیا و ھەڵکەوتەی کفری کە ھاوسنورە لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەکان  وایکردووە لەگەڵ زۆربونی کۆچکردنی خەڵکی شارەکە لەبەرکەمی پرۆژە و ھەلی کار و دورە دەستی لەشارە گەورەکان بۆی ھەیە لە ئایندەدا بێتە مەترسی لەسەر شارەکە.

 

حکومەتی ھەرێم و بەتایبەت لایەنی سەرەکی کە جومگە سەرەکیە کارگێڕی و ئاسایش و نەوت و گومرگ و داھاتی بەردەستە بێ یەک و دو یەکێتیە . کفری لە چاو شارەکانی تری ھەرێمیش  کەمترین خزمەتی بەرکەوتوە و لەکاتێک کفری  دەیان ساڵ ناوەندێکی بازرگانی و کارکردن بوە کەم شاری تر ئەو ھەلانەی بۆ رەخساوە .

 

لەدوای رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی لەسنووری شاری کفری لەساڵی (2015) ەوە تائێستا ئەوەی گۆڕان لێی بەرپرسە لەم شارە یەک ناحیەی بەدەستە کە زۆرترین نەوتی ئەم سنوورەی تیایە و بەڵام بەھۆی نارونی لەشەفافیەتی نەوت و کۆمپانیای کەسی و حزبی کەمترین هاوڵاتی ئەم سنورە لێی سودمەندبون . گۆڕان لەناو کفریش لە یەک پۆستی کارگێڕی بەرپرس نەبوە لە (2009)ەوە تائێستا ھەرچی پۆستی ئەم  شارە ھەیە یەکێتی دایناون و یەکێتیش گۆڕیونی .

ھەرچیش کە کرابێ بەهۆی فشاری چالاکانی مەدەنی و کەمپینەوە کراوە . حکومەت بەرپرسە لە دۆزینەوەی ھەلی کار و کردنەوەی کۆلێژ و پەیمانگا و ھێنانی بەرێوەبەرایەتی گشتی و سود وەرگرتن لە شوێنەوارەکانی شار بۆ کەرتی گەشتوگوزار.

 

بۆیە ئەم  شارە بۆ ئەوەی بەدەردی زۆر شوێنی تر نەچێ و ئاخی بۆ ھەڵنەکێیشن پێویستە حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی پارێزگا و خەڵک و لایەنەکان و چالاکانی مەدەنی پێویستە بیر لە ئاوەدان کردنەوەی بکەینەوە و تا چیتر نەخۆش رەوانەی شارەکان نەکرێت و خەڵکەکەی کۆچ نەکات و نەوتەکەی نەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆھەندێک ونەبێتە نەفرەت بۆ زۆرینەش .


588 جار خوێندراوەتەوە