نۆ ساڵ دوای بەشداری گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی

بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی (30/4/2014)ی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەرەڕای تەزویر و گوشاری هەردو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم و دەستوەردانی دەرەکی؛ لە دەرەنجامدا توانی هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکان لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بێت.

 

دواتر، لە دوای ساڵێک لە گفتوگۆ و دانوستان و سازان بەڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداری لە حکومەتە خۆجێییەکانی سنورەکە کرد، ئەمەش بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و ئاڵنگاری سەخت تێپەری، هەر لەدەستپێکەوە شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداد و کێشەکانی نێوان لایەنەسیاسییەکان لە کوردستان و ویستی خەڵک و دەنگدەری گۆڕان لە نوێنەرەکانی گۆڕان لە حکومەت و کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکە و مانگرتن و بایکۆتی موچەخۆران و نەبونی خزمەتگوزاری و  دەست وەردانی یەکێتی لە کۆی جومگەکانی حوکمڕانی لە ناوچەکە و بە حیزبیکردنی هێزە ئەمنیەکان و حکومەت و بەرزی و نزمی پەیوەندیەکانی گۆڕان و یەکێتی و زۆر هۆکاری تر؛ بونە هۆی ئەوەی بەشدارییەکە لە حکومەتی خۆجێی ئامانجەکانی خۆی نەپێکێت.

 

لە دوای ئەو هەموو کێشە کەڵەکەبووانەی کە لە ڕێکەوتنەکە هەیە، بە ئێستاشەوە ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەتایبەت لەم کابینەی حکومەتە هێندەی تر  مۆرکی زەقی حیزب و هەژمونی بەسەر حکومەت زاڵبو. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پەکخستنی پەرلەمان و دواتر ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەمەش وایکرد هیچ دامەزراوەیەک چاودێر نەمێنیت بەسەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی.

 

لە دوای نۆ ساڵ لەم بەشدارییەی بزوتنەوەی گۆڕان، کە زۆر کاراکتەری خزمەتگوزار و خاکەڕا لەناو بەشدارییە رۆڵی بەرچاویان هەبوە لە خزمەتی خەڵک، بەڵام ئایا ئەمە لە ئاست تموحی خەڵک و دەنگدەری گۆڕان بوە؟ بێگومان نەخێر و بەشێک لە خەڵک و دەنگدەری گۆڕان سزای داوین لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو بەشدارییە و کۆمەڵیک هۆکار گەلی تر.

 

 لەبەرئەوە ئێستا، کە نۆ ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەو بەشدارییانە و گۆڕان لە قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی خۆیەتی و گوشارێکی زۆر هەیە، کە پێداچونەوە بکات بە جۆری بەشداری لە حکومەت و حکومەتی خۆجێی و میکانیزمەکانی کشانەوە لە کۆنفرانسی ناوخۆی کردە بڕیار، هێندە هەژمونی حیزب و کۆمپانیا و داگیرکاری و وەبەرهێنان و بردنی نەوت و قاچاغچێتی لەم سنوری ئەم حکومەتە خۆجێیانە دەکرێن، کە مەعلومە کێ هێزی باڵادەستی ئەم زۆنەیە، بەڵام ئایا کاتی نەهاتوە ئێستا پێداچونەوە بکات بە رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕانکاری بکات لە حکومەتە خۆجێییەکان، کە هەندێکێان کورسیەکانیشیان لێیان بێزار بووە؟ بەشێوەیەک رێککەوتنەکە شۆڕتر بکاتەوە بۆ ئاستی سەرجەم شار و شارۆچکەکان، یان گوێ بۆ ویستی دەنگدەرانی خۆی بگرێت.

225 جار خوێندراوەتەوە