بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، سزادانی دەستگیکراوەکانی بادینان هەنگاوێکی
مەترسیدار و پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکوانان و ئازادیخوازانی
بادینان.
لە پەیامێکدا سەبارەت بە کەیسی دەستگیرکراوەکانی
بادینان و سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانیکردن بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بە سیاسیکردن و بە حیزبیکردنی
سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری دۆخی هەرێم بەرەو قەیران و ئاڵۆزی زیاتر دەبا
دەقی راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە..
پەیوەندیدار بە کەیسی دەستگیرکراوەکانی بادینان،
بۆ هەموو لایەکی ئاشکرادەکات؛ کە بڕیاری سزادانی (پێنج) چالاکوانی بادینان، بەپێی یاسای
ژمارە (21)ی ساڵی (2003) بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەنگاوێکی
مەترسیدارو پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکوان و ئازادیخوازانی بادینان.
لە رەهەندی یاساییەوە،ئەو کارەی ئەو
سزادراوانەی پێ تۆمەتبار کراون بەهیچ جۆرێک لەگەڵ سەپاندنی جۆری سزاکانیان یەکناگرێتەوە،
هەربۆیە ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی مەترسیدار دەبینین بەرامبەر سەروەری یاسا و ئازادییە
گشتیەکان لەلایەک و، ژیان و جوڵەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و، چالاکوان
و دەنگی ئازاد بە تایبەتی.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، دووبارە و دووپاتی
دەکەینەوە، بە سیاسیکردن و بە حیزبیکردنی سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری؛ دۆخی
هەرێم بەرەو قەیران و ئاڵۆزی زیاتر دەبات، هەر لەو روانگەیەوە، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا؛
پشتیوانی سەرسەختی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و، بەرگریکاری فراوانبونی مەوداکانی ئازادی رادەربڕین بوین.
ئەم بڕوابونەش، بە کردار لە هەنگاوە سیاسیەکانمان
رەنگی داوەتەوە، وەک چۆن بە بەردەوام سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان
و ئەندامانی ئامادەییان هەبوە لە کەیسی دادگایکردنەکەی ئەو چالاکوانانەی بادینان
لە شاری هەولێر و پشتگیری حەق و سەروەری یاسا بون.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٦ی شوباتی ٢٠٢١
22864 جار خوێندراوەتەوە