ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت:
لەشكر كێشی و دەستدرێژییەكانی توركیا لەڕوی ئابوری و ئەمنییەوە زیانی گەورەی بە عێراق
گەیاندوە و داوا لە لایەنە سیاسییەكان و پەڕلەمان دەكات فشار بخاتە سەر حكومەت بۆ
ئەوەی کۆتایی بەم بێباکییە گوماناوییە بهێنێت.
هەواڵ: (KNNC)
عمران كەركوش، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: بەهۆی هێرش و لەشكركێشییەكانی توركیاوە، عێراق روبەڕوی زیانی
ئابوری و ئەمنی بوەتەوە و تا ئێستاش حكومەت بێدەگی و بێباكی هەڵبژاردوە و هەڵوێستی
رونی نییە.
وتیشی: دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر باکوری عێراق ناوەستێت،
بۆیە پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق زیاتر هەوڵ بۆ کۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان عێراق
– تورکیا بدەن، هەروەها هێزە سیاسییەکان و لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران فشار
بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم بێباکییە گوماناوییە بهێنێت کە عێراقی
روبەڕوی رەخنە نێودەوڵەتییەکانی كردوەتەوە.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواشی لە حکومەت
کرد كە، چارەسەری راستەقینە بۆ ئەم پرسە بخاتەڕو، كە بەهۆیەوە دەیان ساڵە هەڵپەسێردراوە
و زیانێکی زۆری بە دۆخی ئەمنی و ئابوری گەیاندوە.
165 جار خوێندراوەتەوە