پێنج جۆر جاڵجاڵۆكەی نوێ لە كوردستان دۆزرانەوە

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 19/08/2024
هەمەڕەنگ
+
-

بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی جیهان، پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكە لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانییەوە، لەهەرێمی كوردستان دۆزرانەوە و وەكو جۆری نوێ (سپیشیزی نوێ) لە زانستدا ناسێنران،  وەک ڕێکارێکی زانستیش لە پێگەی (zoobank.org) کۆدی تایبەتییان پێدراو لە هەم و جیهانیشدا بەو ناوە کوردییانە ناویان دەهێنرێت.

هەواڵ: (KNNC)

 

سایتی زانكۆی سلێمانی بڵاویكردەوە كە فەرهاد ئەحمەد خدر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی راگەیاندوە: لە سێ ساڵی رابردودا، پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكەی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی شاری سلێمانی‌ و دەوروبەری دۆزیوەتەوە.

 

وتیشی: دواتر لە كارێكی هاوبەشی نێوان زانكۆی سلێمانی‌ و زانكۆی مەندڵ لە كۆماری چیك‌ و زانكۆی(Altai) لە روسیا، بەسەرپەرشتی (د. عەلی ڕەزا زەمانی) لە زانكۆی (Turku) لەفنلەندا، بابەتەكانی ئەم دۆزینەوە زانستییەی لە جۆڕناڵی بەئیمپاكت فاكتەری نیودەوڵەتی (ZOOTAXA) بڵاوكردۆتەوە.


فەرهاد ئەحمەد خدر، راشیگەیاند: ناوە زانستییەكانی ئەم جۆرانە بەناوی كوردستان‌ و گەرمیان‌ و سۆران‌ و گۆیژە و هەزارمێردەوە ناونراون، كە بریتین لە دیسدرا كوردستانیكە (Dysdera kurdistanica)، دیسدرا گۆیژە (Dysdera goyzha)، پەڵپیمانەس گەرمیانەس (Palpimanus garmiyanus)، تیجیناریا سۆرانی (Tegenaria sorani) و زیلۆتس هەزارمێردێنسیس(Zelotes hazarmerdensis) .

 

بەپێ سەرچاوە زانستییەکان، لە جیهاندا پتر لە (51) هەزار و (600) جۆری جاڵجاڵۆکە هەیە، ناوبەناو لە هەندێ لە وڵاتانی جیهانیش جۆری نوێی جاڵجاڵۆكە دەدۆزرێنەوە، ئەم جۆرە نوێیانەی کوردستانیش بۆ ژمارە جیهانییەکە زیاد ئەکرێت، لە گەڕانەکانیدا بەچەند ناوچەیەکدا (74) نمونەی جاڵجاڵۆکە كۆكرانەوە کە تەنیا ئەم پێنج جۆرەیان (Species) نوێبون، سەرباری ئەمەش چەندین نمونەی توخم و جۆری تریان وەكو ڕیكۆردی نوێ خرایە لیستی فاونای گیاندارانی عێراق‌ و كوردستانەوە.

352 جار خوێندراوەتەوە