توێژینەوەیەكی نوێ كەلەلایەن چینییەكانەوە ئەنجامدراوە داوا لە
فەرمانبەران دەكات لە رۆژە پشوەكاندا بخەون ئەوەش كاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ هەیە.
تەندروستی: (KNNC)
لین چانگیۆ، توێژەر لە سەنتەری نیشتمانی دڵ لە پەکینی پایتەختی
چین رایگەیاندوە، بۆ كەمبونەوەی مەترسی توشبون بە نەخۆشییەكانی دڵ، پێویستە لە
كۆتایی هەفتەدا بەخەوێكی قوڵی درێژ، قەرەبوی كەمخەوی بكرێتەوە.
دەشڵێت؛ لە توێژینەوەیەدا كە نزیكەی (90) هەزار كەس بەشدارییان
تێدا كردوە، كە بەهۆی كاركردنی زۆرەوە لە
رۆژەكانی هەفتەدا بەردەوام توشی كەمخەوی بون، دەركەتوە؛ دوای ئەوەی رۆژانی پشو
قەرەبوی كەمخەویەكەیان كردوەتەوە بە تێکڕا مەترسی توشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
بەڕێژەی (19 بۆ 20%) کەمیکردوە.
رونیكردوەتەوە، ئەو كەسانەشی بەدەست كەمخەوی زۆرەوە دەناڵێنن،
کاریگەری قەرەبوكردنەوەكە لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتوە بە (30%)، هەروەها
ئەوەیخستوەتەڕو؛ بۆ زیادبونی چالاكییەكانی لەش، خەوتن وزە بە جەستەی مرۆڤ دەبەخشێت.
توێژەرەكەی سەنتەری نیشتمانی دڵ لە چین ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە،
لەڕێگەی بەهێزكردنی سیتەمی بەرگری لەش، خەوتن یارمەتی جەستە دەدات بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکان و کەمکردنەوەی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و توشبون بە جەڵتەی دڵ،
هەروەها مرۆڤ لە مەترسی توشبون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دوەم دور دەخاتەوە.
1985 جار خوێندراوەتەوە