شارباژێر؛ ئۆتۆمبیلێك بە ئامانج گیرا و قوربانی هەیە

KNN : Kurdish News Network
02:53 - 05/09/2024
کوردستان
+
-

لەلایەن درۆنێكەوە لە ناحیەی زەلان ئۆتۆمبیلێك بەئامانج گیرا و سێ قوربانی لێكەوتەوە.

هەواڵ: (KNNC)


پەیامنێرى (کەى ئێن ئێن) رایگەیاند؛ لە گوندی هەرمێلەی سەر بەناحیەى زەلان لە قەزاى چوارتای پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری (تیۆتا) بە درۆن کراوەتە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس بونەتە قوربانیی.

 

وتیشی: لە روداوەکەدا، سێ هاوڵاتی گیانییان لەدەستداوە كە یەکێکیان دانیشتوی گوندی چەمەکی  ناحیەی زەلانە، یەكێكی دیكە لە قوربانییەكان، منداڵێکە و کانولای لەدەستدابوە.

 

رونیشیكردەوە، بەهۆی بەرزی رێژەی سوتاوییەکەی و شێواوی دەموچاوییەوە،  نەتوانراوە قوربانی سێیەم بناسرێتەوە.


پەیامنێری (كەی ئێن ئێن) ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لە ئێستادا تەمی هەرسێ قوربانییەكە گەیەندراونەتە پزیشكی دادی سلێمانی و دوای گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان، تەرمەكانیان رادەستی كەسوكارەكەیان دەكرێنەوە.


دوێنێ چوارشەممە، لە کاتژمێر (1:30) خولەکی نیوەڕۆ لەسەر رێگەی دوکان – خەلەکان ئۆتۆمبێلێک بە ئامانج گیراو و سێ کەس كە باوك و كوڕ بون گیانیان لەدەستدا.

 

پێشتر رێكخراوی تیمی كوردستانی عێراق (CPT)ـی ئەمەریكی رایگەیاندبو: لەئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا و ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1991 بۆ تەمموزی 2024) زیاتر لە (845) قوربانی لێكەوتوەتەوە كە لەو ژمارەیە (194) قوربانیان منداڵن.

رێكخراوەكە رونیكردوەتەوە، لە (83%)ـی قوربانیان لەلایەن توركیاوە شەهید و بریندار كراون، كە تا ئێستا لە (93%)ـی بریندارەكان و (48%)ـی شەهیدەكان قەرەبو نەكراونەتەوە، لەگەڵ وێرانبون و چۆڵكردنی زیاتر لە (170) گوندی هەرێمی كوردستان.

1161 جار خوێندراوەتەوە