بەتۆمەتی نەدانی باج و کاری سێکسی بایدنی بچوک بە 17 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
10:46 - 06/09/2024
جیهان
+
-

هانتەر بایدنی کوڕی سەرۆکی ئەمەریکا بە تۆمەتی نەدانی باج، کاری سێکسی و ماددەی هۆشبەر و چەندین کاری دیکەی نایاسایی دادگای کرا و دانی بەهەمو تاوانەکانیدا نا.

 

هەواڵ:KNNC

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە رۆژی پێنجشەممە 15ی ئەیلول لە دادگای فیدراڵی لە لۆئەنجلۆس دادگایکردنی بایدنی بچوک بەڕێوەچو، لە دادگایەکەدا کوڕەکەی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند "هەر نۆ تۆمەتەکەم قبوڵە کە ڕوبەروم کراوەتەوە و دان بە هەمو تاوانەکانمدا دەنێم".

 

ئەم دانپێدانانە تەواوی ئەو کەسانەی توشی سەرسوڕمانکرد کە لە دادگایەکەدا ئامادەییان هەبو، لەبەرئەوەی پیشتر هانتەر سور بو لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەروی کرابوەوە.

 

تۆمەتەکانی کورەکەی بایدن پەیوندیان بە نەدانی باج هەیە لە ساڵەکانی 2016 بۆ 2019 کە بڕەکەی ملیۆنێك و 400 هەزار دۆلارە.

 

دادوەر مارک سکارسی کە دادگایی هاتنەری کردوە لە دۆسیەکەدا دەڵێت: دەتوانێت 17 ساڵ زیندانی و سزای دارایی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری هانتەر بدات.

 

پێشتر، هانتەر بایدن تۆمەتی نەدانی باجی ڕەتکردبوەوە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەم دانیشتنی دادگادا و لە هەڵوێستیکی چاوەڕواننەکراودا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 

تۆمەتەکانی هانتەر جگە لە خۆدزینەوە لە باج، بریتین لە خەرجکردنی پارەی زۆر بۆ ماددە هۆشبەرەکان، کاری سێکسی، هۆتێلە لوکسەکان، و ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی جۆراوجۆر .

 

ئەمە لەکاتێكدایە کوڕەکەی بایدن کەیسی دیکەی دادگایکردنیشی هەیە و بە تۆمەتی کڕینی دەمانچە بە شێوەیەکی نایاسایی لەکاتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا سزا دراوە.

 

ئەم کارانەی هانتەر بوەتە هۆی شەرمەزارکردنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا کە چەند مانگێکی ماوە وەک سەرۆک لەو پۆستەدا و کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کوڕەکەی خۆشنابێت، ئەگەر لە دادگادا سزا بدرێت هیچ دەستوەردانێک لەو بارەیەوە ناکات.

701 جار خوێندراوەتەوە