توێژینەوەیەکەی نوێ دەریخستوە بۆ ئەوەی لە پیریدا خەمۆک نەبن ڕۆژانە زیاد لە دوجار میوە بخۆن

KNN : Kurdish News Network
08:28 - 16/09/2024
تەندروستی
+
-

 نوێترین توێژینەوەی زانستی لەسەر خواردنی (میوە و پەیوەندی بە پیریەوە) دەریخستوە ئەو بەساڵاچوانەی لە ڕابردودا بە بەردەوامی میوەیان خواردوە لە توشبون بە خەمۆکی پارێزراون.

 
تەندروستی:KNNC

 

هەبونی ڕێژەی زۆری ڕیشاڵەکان لە هەمو جۆرە میوەکاندا وایکردوە بەردەوام باس لە سود و گرنگی میوەکان بکرێت، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردوە کە خواردنی جۆراوجۆری میوەکان بۆ داهاتوش بەسودە و  لە پیریدا دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە خەمۆکی.

بەگەنجی میوە زۆر بخۆن با بە پیری تەندروستبن و خەمۆک نەبن

 

ئەمە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە کە لە وڵاتی سەنگافورە ئەنجامدراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2024 لە گۆڤاری "خۆراک، تەندروستی و پیربوون" بڵاوکراوەتەوە و  دەریخستووە کە ئەو کەسانەی لە ناوەڕاستی تەمەندا زیاتر میوە دەخۆن ڕێژەی خەمۆکییان کەمترە لەتەمەنی پیریدا، بەراورد بەو کەسانەی میوە خواردنی ڕۆژانەیان  نەبوە.

توشبونیان بە خەمۆکی لە پیریدا لایکەم بە ڕێژەی 21% کەمتربوە

 

توێژەرانی  توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتوە  ئەو بەساڵاچوانەی کە ڕۆژانە زیاد لە دو جار بە بەردەوامی میوەیان خواردوە، ئەگەری توشبونیان بە خەمۆکی لە پیریدا لایکەم بە ڕێژەی 21% کەمتربوە.

 

خەمۆکی حاڵەتێکی تەندروستی دەروونییە کە ڕەنگە تووشی هەر کەسێک بێت لە هەرتەمەنێکدا، بەڵام خەمۆکی لە کەسانی سەرو  65 ساڵەوە هەندێک جار ئەستەمە بناسرێتەوە، چونکە نیشانەکانی دەتوانن هاوشێوەی ئەو کێشانە بن کە پەیوەندییان بە پیربوونەوە هەیە.

بەپێی داتا تەندروستییەکان لە جیهاندا لە هەر 10 کەسی بەتەمەن زیاتر لە یەک کەس تووشی خەمۆکی دەبن ئەوەش دەکاتە نزیکەی  280 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

 

پسپۆڕانی بوارەکە هۆکاری  خەمۆکی لە کەسانی بەساڵاچودا بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگێڕنەوە کە  بریتین لە خراپی تەندروستی جەستەیی و دابڕانی کۆمەڵایەتی و لەدەستدای کەسە نزیکەکان.

111 جار خوێندراوەتەوە