هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەردەوامە و حەمماسیش کوژرانى سەرکردەیەکى راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
09:12 - 30/09/2024
جیهان
+
-

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەیان هێرشی کردە سەر ناوچەی بیقاع لە باشوری لوبنان، لە دوێنێشەوە تا ئێستا 105 کەس لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە و بزوتنەوەى حەمماسیش کوژرانى سەرکردەیەکى لەو وڵاتە راگەیاند. 

 

هەواڵ:KNNC


لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردوەتەوە دەڵێت: فڕۆکە جەنگییەکانیان ئەو شوێنانەیان لە بیقاع کردوەتە ئامانج کە شوێنى هەڵگرتنى چەکوتەقەمەنى بون لەلایەن حیزبوڵاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل: "بەردەوام دەبێت لە هێرشی بەهێز و زیانگەیاندن بە توانا سەربازییەکان و ژێرخانی حیزبوڵا لە لوبنان".

 

هاوکات لە  هێرشەکانی رۆژی رابردوی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵا لە لوبنان، لە رۆژی یەکشەممە 105 کەس گیانیان لە دەستدا و  360 کەسی دیکەش برینداربون.

 

لەلایەکى دیکەوە بزوتنەوەی حەمماس بڵاویکردەوە، سەرکردەیەکیان بە ناوی فاتیح شەریف لەگەڵ هاوسەر و کوڕ و کچەکەى لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە باشوری لوبنان کوژراون.

427 جار خوێندراوەتەوە