چۆمان محەمەد: خاڵى بەهێزى بزوتنەوەى گۆڕان بەرنامە و پلانەکانى رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە

KNN : Kurdish News Network
11:23 - 30/09/2024
کوردستان
+
-

سەرۆکی لیستی (114) بزوتنەوەی گۆران لە بازنەی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بزوتنەوەى گۆڕان دوو خاڵى بەهێزى هەیە کە یارمەتیدەرى دەبێت ببێتەوە بە نوێنەرى راستەقینەى خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەوانیش یەکەم خۆشویستنى خەڵک و دەنگدەرەکانییەتى و دوەم و بەهێزترین خاڵیش بەرنامە و پلانەکانى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەرى بزوتنەوەکەیە.


هەواڵ: KNNC

 

چۆمان محەمەد، سەرۆکى(114) بزوتنەوەی گۆران لە بازنەی سلێمانی لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (هێزى گۆڕان) رایگەیاند، دەمانەوێت هێزی گۆران بەو کارنامە و بەرنامانەی کە هەیەتی ببێتە نوێنەری راستەقینەی خەڵک لە پەرلەمانی کوردستان و پەند لە هەڵەکانی رابردو وەربگرین، جەختیشیکردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکى گەورەیە بۆ بزوتنەوەکە.

 

سەرۆکی لیستی (114) بزوتنەوەی گۆران وتیشی: بزوتنەوەی گۆران سەربەرزانە کاری کردوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان لە چاوکردنەوەی ئازادی رادەربرین، ئەمە جگە لەوەى بەهۆى بزوتنەوەى گۆڕانەوە سەنگ و قورسایی بۆ دەنگدەر گەڕایەوە.

 

جەختیشیکردەوە؛ لە ئێستادا خەڵک هۆشیارە و باش لەو و سیاسەتەی یەکێتی و پارتی تێگەیشتوە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە رێگەی سیاسەتی خۆیانەوە بفەوتێنن و وتى: ئیشی گۆران لە ئێستادا ئەوەیە هەرێمی کوردستان بپارێزێت لەم جۆرە حوکمرانییە و ئارامی و ئاسایش بگەرێنیتەوە بۆ خەڵکەکەی.

چۆمان محەمەد سەبارەت بە کشانەوەی بزوتنەوەی گۆران لە رابردودا دەڵێت: بزوتنەوەی گۆران دەبو ساڵ و نیوێک پێش ئێستا لە حوکمەت بکشایەتەوە، لە دوای درێژ کردنەوەی تەمەنى پەرلەمان و هەمو ئەو گەندەڵی و ناحەقیانەی دەرحەق بە میللەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، بەڵام گۆران هەمیشە هەنگاوی ناوە بۆ ئامانجەکانی لەگەڵ هەمو ئەو بەربەست و کێشە و گرفتانەی بونەتە لەمپەر لەبەردەمی هێشتا کۆڵی نەداوە و هەر بەردەوامە.

 

سەرۆکى لیستی (114) بزوتنەوەی گۆران لە بازنەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستور بونی نەبو، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان نەیدەویست یاسای هەڵبژاردن بگۆرێت، نەیدەویست هەرێمی کوردساتن بکات بە چوار بازنە، رێگری دەکرد لە هەمو پلان و پرۆژەکان کە دادەنران، بۆیە ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆران دەمانەوێت دەستور دروست بکەین لە خولی شەشەمی پەلەمانی هەرێمی کوردستان.

286 جار خوێندراوەتەوە