لە چیای ئێڤرێست تەرمی شاخەوانێك دۆزرایەوە كە پێش 100ساڵ لە چیاكە ون بو

KNN : Kurdish News Network
09:05 - 12/10/2024
جیهان
+
-

لەسەر چیای ئێڤرێست، پاشماوەی (پێ)ـیەک لە ناو پێڵاوێکدا دۆزرایەوە، کە رەنگە هاوکاربێت لە ئاشکراکردنی نهێنییەکی چەند ساڵە.

 

هەواڵ:KNNC

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تیمێکی سەر بە کەناڵی (ناشناڵ جیۆگرافیک) لەسەر لوتکە چیای ئێڤرێست پاشماوەی (پێ)ـیەکیان لەناو گۆرەوی و پێڵاوێکدا دۆزیەوە، لەسەر گۆرەوییەکە ناوی ( E.C. Irvine) دەرکەوتوە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تیمەکان گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی رەنگە ئەوە پاشماوەی شاخەوانی بەریتانی (ئەندرۆ ئیرڤین) بێت، کە لە ساڵی 1924لەسەر چیای ئێڤرێست کە بەرزترین لوتکەی جیهانە، دیارنەما.

 

ئیرڤین لەگەڵ شاخەوانێکی دیکەی بەریتانی بەناوی جۆرج مالۆری لە کاتی گەشتەکەیاندا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1924دا بێسەروشوێن بون، کە تەنها نزیکەی 240 مەتر لە لوتکەی ئێڤرێستەوە دورە، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا یەکەم بگەنە سەر بەرزترین لوتکەی شاخ لە جیهاندا.

 

لە کاتێکدا تەرمی مالۆری لە ساڵی 1999 دۆزرایەوە،بەڵام تەرمی ئیرڤین نەدۆزرایەوە.

 

تیمی ناشناڵ جیۆگرافیک چاوەڕێی شیکاری دی ئێن ئەی دەکەن بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە کە پاشماوەی پێیەکە هی ئیرڤینە، دوای 100 ساڵ دەبێتە یەکەم بەڵگەی دیارنەمانی ئیرڤین.

 

چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی پێڵاوەکە بدۆزرێتەوە، تیمەکە تەقەمەنییەکیان دۆزیبوەوە کە هی ئیرڤین بو، ئەمەش وای لێکرد پێشبینی ئەوە بکات کە ڕەنگە تەرمەکەی لە شوێنی تەقەمەنییەکە نزیک بێت.

2017 جار خوێندراوەتەوە