45 ملیار دیناری دیکە بۆ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:37 - 12/10/2024
کوردستان
+
-

حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 45 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دا و بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانیش دەڵێت، لە سبەینێوە ڕێکاری وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکەن.

 

هەواڵ:KNNC

 

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 45 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی داوە کە 20 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 15 ملیاری بۆ هەولێر و 10 ملیاریشی بۆ جوتیارانی پارێزگای دهۆکە.

 

نەسرین ئەحمەد وتیشی: سبەی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکەن و ئەگەر گرفت دروست نەبێت، ئەوا لە ماوەی سێ ڕۆژدا پارەکە وەردەگرن و دواتر بەسەر جوتیاراندا دابەشی دەکەن.

 

 وتیشی لەدوای ناردنی ئەم پارەیە جوتیارانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بڕی 110 ملیار دیناریان لە پارەی گەنمی ئەمساڵ دەمێنێت کە وەری بگرن.

 

لەمساڵدا حکومەتی عێراق بە بڕی 590 ملیار دینار گەنمی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە و تا ئێستا 225 ملیار دیناری لەو پارەیە بۆ هەرێم ناردوە بەشێوەیەک 64 ملیار و 373 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر، 95 ملیار و 841 ملیۆن دیناری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و بۆ دهۆکیش زیاتر لە 65 ملیار دینار.

1019 جار خوێندراوەتەوە