ئەردۆغان: هەموکات ئامادەین کێشەکانمان لەگەڵ کورد لەدەرەوەی تیرۆر چارەسەر بکەین

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 13/10/2024
کوردستان
+
-

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرسی کورد رایگەیاند، ئەگەر تیرۆر لە بابەتەکەدا نەبێت هەمو کات ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکانن.

 

هەواڵ:KNNC

 

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرەنگاری هەمو جۆرە تیرۆرێک دەبنەوە و لەدژی دەوەستنەوە، هەموکاتێکیش ئامادەن بە رێگەیەکی دور لە تیرۆر کێشەکانیان لەگەڵ کورد چارەسەربکەن، چونکە لە پێناو بەهێزکردن و ئارامی و یەکێتی وڵاتەکە سیاسەت دەکەن.

 

 

لەبارەی نوسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا ئەردۆغان وتی: هەنگاوەکانیان لەوبارەیەوە، رێگەی رزگارکردنی تورکیایە لە کۆت و بەندی کودەتاکان، لابردنی کۆت و بەندەکانیش بە نوسینەوەی دەستوورێکی دادپەروەر، سڤیل و ئازادیخوازانە دەکرێت".

 

 

لە تورکیا دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بوەتە ڕۆژەڤی سیاسی وڵاتەکە:

 

 

چەند رۆژێکە لێدوانەکان لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی مەهەپە و بەرپرسانی دەمپارتی لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بووەتە رۆژەڤی گەرمی ئەو وڵاتە و ئەردۆغانیش دەڵێت، دەستەبەرکرنی ئاشتی لە وڵاتەکەی لە بەرژەوەندی هەمو لایەنەکاندایە و بەرپرس و پەرلەمانتارانی دەمپارتیش دەڵێن، پڕۆسەری ئاشتی بەو جۆرەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڕێوە ناچێت.

 

 

سینان چفتیورەک پەرلەمانتاری دەم پارتی، بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، هەر کاتێک دەسەڵاتی تورکیا  لاواز دەبێت، پەنا بۆ چارەسەری کێشەی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەى ئاشتی دەبات.

 

 

وتیشى: لەم قۆناغەشدا، تورکیا لە ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی هەست بە مەترسی دەکات و بۆئەوەی جارێکی دیکە پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە، باس لە پرسی کورد دەکات، ئەو قسانەش تەنها لە بەرژەوەندی ئاکەپە و مەهەپە دایە. 

 

 

تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەمپارتی کاردانەوەی بەدواداهات:

 

 

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی (10)ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەوقەی لەگەڵدا کردن، هەڵوێستەکەی باخچەلی بوە رۆژەڤی تورکیا و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، لەسەر ئەو بابەتە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا ئەردۆغان وتی: "ناکرێت هەڵوێستەکەی بەڕێز باخچەلی بەلاوە بنێین، ساڵانێکی زۆرە باسی ئەوە دەکەین، ئەو هەنگاوەی ئەو زۆر زۆر گرنگە".

 

هەوڵێک هەیە بۆ نوسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا:

 

 

زۆرینەی پارتە سیاسییەکان لەگەڵ نوسینەوەی دەستووریکی نوێ-ن بۆ تورکیا، بەڵام داواکارییەکان و نیگەرانییەکان جۆراوجۆرن، هەریەک لە پارتەکان داواکاریی جۆراوجۆر و تایبەتی خۆیانیان هەیە، بۆئەو مەبەستە هەوڵێک لەلایەن ئاکپارتییەوە لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکردوە و کۆبونەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکان کراوە.

 

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکوری کوردستان و هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڵێت، چارەسەكردنی مافەكانی گەلی كورد نابێت وەك تاكتیك بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسیەكانی ئێستای توركیا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و ئەگەر دەستورێكی دیموكراسی گشتگیر بۆ توركیا دانەنرێت، ئەوا ئەو جۆرە هەوڵانە شكست دەهێن.

 

 

"چوار ماددە هەن لە هەموارەکانی دەستوری تورکیا هێڵی سورن"

 

 

مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە

 

مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆشیاڵ و یاساسالارە.

مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللەتیەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.

مادەی چوارەم: مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەموار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.

867 جار خوێندراوەتەوە