رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: لەسەر بنەمای داواکاری گۆڕانخوازان بڕیاری گرنگمان دا و دەگەڕێینەوە بەرەی خەڵک

KNN : Kurdish News Network
07:19 - 15/10/2024
کوردستان
+
-

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رو لە دەنگدەران دەڵێت: قۆناغێکی گرنگ و چارەنوسساز چاوەڕوانی میللەتەکەمان دەکات، بڕیار بە دەستی ئێوەیە و واقعەکە بگۆڕن، دەشڵێت: لەسەر بنەمای داواکاری گۆڕانخوازان بڕیاری گرنگمان دا و دەگەڕێینەوە بۆ بەرەی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن بونمان هەڵبژارد.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە کۆتا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەدوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن قۆناغێکی گرنگ و چارەنوسساز چاوەڕوانی میللەتەکەمان دەکات، قۆناغێک کە تێیدا بە دەنگی دەنگدەران داهاتوی حکومڕانی و ژیانی پەرلەمانی و سیاسی دیاریدەکرێت.
دەشڵێت: بەرپرسیارییەتی هەموانە داهاتوییەکی رۆشن و ژیانێکی شایستە و نیشتیمانێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەمو هاوڵاتییانی کوردستان بێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی، حیزبی، نەتەوەیی، ئاینی بهێنینە دی.

بڕیار بە دەستی ئێوەیە و بایکۆت چارەسەر نییە

 

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: دەنگدەرانی کوردستان، بڕیار بە دەستی ئێوەیە، بەدەنگ و متمانەی ئێوە دەتوانرێت واقیعی ئێستای سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت و بە دەنگەکانتان جیاوازی دروستبکەن و کۆتایی بەو قەیران و نەهامەتییە کەڵەکەبوانە بهێنن کە (33) ساڵە بەرۆکی هاوڵاتییانی ئەم هەرێمەی گرتوە، بەپێچەوانەوە بایکۆت چارەسەر نییە و تاقیکرایەوە، دەرکەوت کە لە بەرژەوەندی هێشتنەوەی دۆخەکەدایە بەو جۆرەی دەسەڵات دەیخوازێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێوەی دەنگدەر تەنها و تەنها بڕیاربەدەستن و بە دەنگەکانتان دەتوانن داهاتو و چارەنوسی خۆتان و نەوەکانتان دیاری بکەن، هەر ئێوەشن کە بڕیار دەدەن داهاتوی حکومڕانی ئەم وڵاتە لەدەستی چ هێزێکدا بێت، بەشداری بەرفراوانتان نیشانەی هۆشیاری و زیندویەتی ئێوەیە، بۆ سزادانی گەندەڵکاران و کۆتاییهێنان بە تاکڕەوی لە بڕیاردان و حکومڕانی خراپ لەم هەرێمەدا، ئەوەش بە ئامانجی سەرخستن و هێنانەدی ئیرادەی گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیان.

 

دەمانزانی گۆڕانخوازان چییان دەوێت، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارماندا

رێکخەری گشتی رو لە گۆڕانخوازان دەڵێت: "لە دوو هەفتەی رابردو بەرپرسیارێتییەکی قورس و گرنگم بە پشتیوانی هاوڕێیانی ناوەوە و دەرەوەی بزوتنەوەکە پێسپێردرا، بەرچاومان رون بو لەوەی گۆڕانخوازان و هاونیشتیمانیان، چییان لە گۆڕان دەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە، چەند بڕیارێکی گرنگ و چارەنوسسازمان پەیوەست بە دۆخی ئێستا و داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان دا، ئەو داواکارییەی لە بزوتنەوەی گۆڕان هەتابو، بە گەڕانەوە بۆ بەرەی خەڵک و کشانەوە لە حکومەت بە هەند وەرمان گرت و بڕیارمان لێدا".

 

جەختیشدەکاتەوە، "ئەو بڕیارانە بەبێ پشتیوانی دەنگ و خاوەندارییەتی دەنگدەرانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان، بە قازانجی میللەتەکەمان ناشکێتەوە و شوێنی خۆی ناگرێت، بۆیە داواکاریین لەم هەڵبژاردنەدا، دەرفەتێکی دیکە بە بزوتنەوەکەتان ببەخشن و بەهێزی بکەنەوە، بۆئەوەی لە داهاتو، لەرێگەی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانتان بکەین و شەقام بەهێز بکەینەوە و هاوکات بتوانین، بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دروست بکەین".



نە چاومان لە پۆست و پلە و پایەیە، نە دەبینە بەشێک لە گەمەی هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان

دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: "گۆڕان بە ئومێد و تین و بڕوایەکی تەواوەوە دەستی خستە سەر برین و کەموکورتییەکان و چارەسەری کردن، بە عەزم و بڕوا و حەماسی سەرەتاکانی بزوتنەوەی گۆڕان هاتوینەتەوە مەیدان، نە چاومان لە پۆست و پلە و پایەیە، نە دەبینە بەشێک لە گەمە و ململانێی هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان، تەنها بەرەی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هاونیشتیمانیان دەبێتە ناوەندی بڕیار و کار و ئامانجی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان".

 

هەوڵ بۆ بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەدەین

 

لە پەیامەکەی رێکخەری گشتیدا هاتوە،  بزوتنەوەی گۆڕان بەڵێن دەدات، سەرسەختانە کاربکات بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری یاسا و بنەبڕکردنی گەندەڵی، بەوپەڕی تواناوە کاردەکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان، چارەسەرکردنی کێشەی موچە و رێگرتن لە بەکارهێنانی قوت و بژێوی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ململانێ سیاسییەکان، هەروەها چۆن هەوڵدەدەن بۆ بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو بەغداد، چارەسەرکردنی کێسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستور و دور لە بەرژوەندییە حزبییەکان.

 

دەنگی هێزە ئەمنییەکان پڕ بەهایە بۆ کاندیدانی لیستی 114

 

دانا ئەحمەد مەجید، لە پەیامەکەیدا رو لە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، ناوخۆ، دەڵێت: "ئێوە پارێزەری یاسا و سەروماڵی هاونیشتیمانیان و خەڵی کوردستانن، بەدڵسۆزییەوە ئەرکەکانتان رادەپەڕێنن، بەڵام دەسەڵات بێباکە لە باشترکردنی ژیان و گوزەرانتان و پرسی پلە بەرزکردنەوە و هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازاتەکانتان،هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆیە خەمی ئێوە دەبێتە خەمی گۆڕان و بەڵێن دەدەین لە داهاتودا کار بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داواکارییەکانتان بکەین".

 

داواش دەکات، دەنگدەران ویژدانی خۆیان ئاسودە بکەن بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان، دەنگبدەن بە لیستی ژمارە (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان، دەنگی پڕبەهای هێزە ئەمنییەکان ئێوە بۆ کاندیدە لێهاتوەکانی لیستی گۆڕان، هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوی سیاسی دەگوازێتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهێزدەکات.

226 جار خوێندراوەتەوە