سوپاى ئیسرائیل داواى چۆڵکردنى گەڕەکەکانى لوبنان دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 16/10/2024
جیهان
+
-

سوپاى ئیسرائیل لە ئاگادارییەکى بەپەلەدا داوا لە دانیشتوانى گەڕەک و باڵەخانەیەکى لوبنان دەکات چۆڵى بکەن، بەپێی ئامارێکیش تەنها لە 24 کاتژمێردا 146 هێرشى ئاسمانى ئەنجامداوە.

 

هەواڵ:KNNC


سوپاى ئیسرائیل لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، داواى لە دانیشتوانى گەڕەکێک و ئەو کەسانەى لە 500 مەترەوە لێیان نزیکن کە دەکەوێتە باشورى لوبنان شوێنەکانیان بەپەلە جێبهێڵن و چۆڵى بکەن و ئاژانسەکانى هەواڵ دەڵێن: ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنێکى سەربازیی دەکات.

 

ئەفیخاى ئەدرعى، وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەنراوە فەرمییەکەدا دەڵێت: ئەو کەسانەى لەو شوێنە نیشتەجێن نزیکن لە دامەزراوەکانى حیزبوڵاوە و بۆ پاراستنى گیانى خۆتان و کەسانى نزیکتان پێویستە بە دورى 500 مەتر ئەو شوێنە چۆڵ بکەن.



بەپێی نوێترین ئامار، تەنها لە 24 کاتژمێرى رۆژى رابردودا سوپاى ئیسرائیل 146 هێرشى ئاسمانى بۆسەر لوبنان ئەنجامداوە کە زۆرینەیان بۆسەر باشورى وڵاتەکە بوە، لە 8ـى تشرینى یەکەمیشەوە زیاتر لە 10 هەزار هێرشى ئاسمانى بۆسەر وڵاتەکە کردوە.

 

هەر بەپێی ئامارە بەردەستەکان لە 23ی ئەیلول تا 15ی تشرینی یەکەم 456 هەزار و 228 کەس سنورەکانی لوبنانیان بەرەو سوریا جێهێشتوە.

196 جار خوێندراوەتەوە