سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردوە؛ ئێران
دەستى بە ناردنى هێز بۆ سوریا کردوە و ئیسرائیلیش نیگەرانیی خۆى دەردەبڕێت کە لەو
ڕێیەوە ئێران هێزەکانى لە وڵاتەکە زیاد بکات.
هەواڵ:KNNC
رۆژنامەى هارتس-ى ئیسرائیلیى لە زارى
سەرچاوەیەکى سیاسییەوە بڵاویکردوەتەوە؛ ئێران دەستى بە ناردنى هێزى سەربازیی کردوە
بۆ سوریا، بۆ هاوکاریکردنى بەشار ئەسەد و روبەڕوبونەوەى هێرشى گروپە چەکدارەکانى
هاوپەیمانى تورکیا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە ناردنى ئەم
هێزە سەربازییانە لەلایەن ئێرانەوە بۆ باکورى سوریا بەمەبەستى پشتیوانییە لە
حکومەتى سوریا و ئیسرائیلیش نیگەرانە ئێران هەلى ناجێگیریی ئاسایشى سوریا
بقۆزێتەوە و هێزە سەربازییەکانى لە سوریا پەرە پێبدات و زیادیان بکات.
پێشتر ئێران دوپاتیکردوەتەوە کە بە هەمو جۆرێک
پشتیوانى لە سوریا دەکات و ئەندامێکى لیژنەى ئاسایشى نیشتیمانیش لە پەرلەمانى
ئێران رایگەیاند؛ دور نییە ئێران هێز بۆ سوریا بنێرێت، رونیکردەوە کە ئەم بڕیارە
پەیوەست دەبێت بە بەرەوپێشچونە مەیدانییەکان و بڕیارى گەورە بەرپرسانى وڵاتەکە.
469 جار خوێندراوەتەوە