بە بڕیارى سەرۆکوەزیرانى وڵاتەکە، لە
ئەلبانیا بۆماوەى ساڵێک یاخود زیاتر کارکردنى ئاپى تیکتۆک رادەگیرێت، جێبەجێکردنى
بڕیارەکەش لە سەرەتاى ساڵى نوێوە دەبێت.
هەواڵ:KNNC
ئێدى راما، سەرۆک وەزیرانى ئەلبانیا رایگەیاندوە، دواى
ئەوەى مێرمنداڵێکى 14 ساڵان لەلایەن هاوپۆلەکەیەوە بە چەقۆ هێرشیکراوەتەسەر و
کوژراوە و شەڕەکەش لە سۆشیاڵ میدیا دروستبوە، ئاپى تیکتۆک لە ساڵى 2025ـەوە
بۆماوەى لانیکەم ساڵێک دادەخرێت.
سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکە لە کۆبونەوەیەکیدا کە لەگەڵ دایک
و باوک و مامۆستایان و دەرونناسانى قوتابخانەکە ئەنجامیداوە وتویەتى:" بڕیارمانداوە بۆماوەى ساڵێک ئەم
چەقۆکێشە لە گەڕەکەکەمان دەربکەین و حکومەت بۆ دروستکردنى پەیوەندى لەنێوان خێزان
و قوتابخانەکان رێگاى دیکە دەگرێتەبەر".
بەپێی زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشیەیتد پرێس،
مانگێک پێش ئێستا، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک شەڕ لەنێوان چەند مێرمنداڵێکى یەکێک
لە قوتابخانەکانى ئەلبانیا دروستبوە و بەهۆیەوە شەڕەکەیان بۆ ژیانى راستەقینە
گواستوەتەوە و ئەمەش بوەتەهۆى کوشتنى
یەکێکیان و بریندارکردنى یەکێکى دیکەیان.
تۆڕى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لەسەر ئاستى جیهان سەرکەوتنێکى
گەورەى بەدەستهێناوە و بەکارهێنەرێکى زۆرى هەیە، بەجۆرێک لەسەر ئاستى جیهان
بەبەردەوامى ملیارێک بەکارهێنەرى چالاکى هەیە کە تەماشاى کورتە ڤیدیۆ دەکەن یاخود
بڵاوى دەکەنەوە.
156 جار خوێندراوەتەوە