کچە رفێنراوێکى ئێزدى، دواى ئەوەى زیاتر لە
10 ساڵ بێسەروشوێن بو خێزانەکەى تەنانەت گۆڕیشیان بۆ دروستکردبو، لە سوریاوە
گەڕایەوە و لەماوەى زیاتر لەو 10 ساڵەیشدا هیچ هەواڵێکى خێزانەکەى نەزانیوە.
هەواڵ:KNNC
ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە؛
کچە رفێنراوێکى ئێزدى دەستى چەکدارانى داعش، کاتێک لە ئابى ساڵى 2014 لەلایەن ئەو
چەکدارانەوە لە تەمەنى 17 ساڵیدا دەڕفێرنرێت، دواى کەوتنى رژێمى بەشار ئەسەد
دەتوانێت رزگارى ببێت و سوریا بەرەو هەرێمى کوردستان جێبهێڵێت و رۆژى 5ـى 1ـى 2025 گەڕایەوە هەرێمى کوردستان.
(سیلڤانا) کە ئێستا تەمەنى 27 ساڵە؛ خێزانەکەى
لەگەڵ رفاندنیدا لەلایەن داعشەوە وایانزانیوە کوژراوە، هەربۆیە پرسەیان بۆ داناوە
و گۆڕیشیان لە گوندى کۆجۆ بۆ دروستکردوە، بەڵام ئەم کچە سەرەتا براوە بۆ تەلەعفەر
و دواتریش هەوڵى هەڵاتنى داوە، هەربۆیە چەکدارانى داعش بەرەو رەقەى سوریایان بردوە
و بەپێی وتەکانى خۆى بێت، ئەم چوار ساڵەى رابردوى لە ژێرزەمینى ماڵێک لە ئیدلب
ژیاوە.
ئەم کچە ئێزدیەى زیاتر لە دەیەیەکى تەمەنى
لەژێر دەستى چەکدارانى داعش و دواتریش دور لە خێزانەکەى بەسەربردوە باسى لە هەستى خۆى
کردوە بۆ گەڕانەوەی و وتویەتى:" دڵم خۆشە، لەهەمان کاتدا خەمباریشم، چونکە
باوکم و دوو برام شەهید بون و دایک و برایەکى دیکەیشم بێسەروشوێنن، خوشک و براکانى
دیکەیشم لە ئەوروپا دەژین".
لەبارەى مانەوەى لە ئیدلب، ئەو کچە ئێزدییە
ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە چەکدارانى داعش لەوێ نەبون و ئەویش بەتەنها ژیاوە و خەڵکى
ناوچەکە هاوکارییان کردوە، وتوشیەتى:"ژیان زۆر سەخت بو و ترس و برسێتى و
بۆردومانێکى زۆرى فڕۆکەکانم بینیوە".
ئەوەشى ئاشکرا کردە: دواى روخانى رژێمى ئەسەد،
ماوەى پێنج رۆژى پێچوە تا سنورى سوریا جێبهێڵێت، سەرەیتا گەیشتوەتە شارى مەنبج،
دواتر بە شەودا بەرەو رەقە رۆشتوە و دواتر حەسەکە و عامودا و دواتریش لەسەر سنوری
هەرێمى کوردستان بە برا گەورەکەى شاد بوەتەوە.
بەپێى ئەو ئامارەى بەڕێوەبەرى نوسینگەى
رفێنراوانى ئێزدى بە ئاژانسى فرانس پرێسى داوە؛ لە ئابى 2014 چەکدارانى داعش 6417
ئێزدیان رفاندوە و تا ئێستاش تەنها 3500یان رزگار کراون و تا ئێستاش 2600 ئێزدى
بێسەروشوێنن.
759 جار خوێندراوەتەوە