پێشەوا هەورامی: مامەڵەی بەغداد زەلیلکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە

KNN : Kurdish News Network
02:58 - 11/01/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دەمانەوێت لە ساڵی 2025 زامنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و نامانەوێت چیتر هیچ گرفتێک بۆ موچە دروست بکرێت، وتیشی؛ بەغداد بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کشانەوەی هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق یەکێک لە بژاردەکانە.

 

هەواڵ:KNNC

 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمەی ئێستا حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات  مامەڵەی هەرێمێک نییە، بەڵکو مامەڵەی پارێزگارێکیشی لەگەڵدا ناکات.

 

وتیشی: حکومەتی هەرێم بە رون و راشکاوی داهاتی ناوخۆی خستوەتە بەردەستی حکومەتی فیدراڵ، رازی بوین هەمو داهاتەکانمان رادەست بکەین لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغداد بەوەش رازی نەبوە.

 

 

راشیگەیاند، غەدرێکى زۆر لە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان کراوە، دەبێت بەغداد پابەند بێت بە ناردنى موچەى فەرمانبەران و ئیتر لەوبارەیەوە هیچ گفتوگۆیەک ناکەن.

 

 

جەختیش دەکاتەوە ئەگەر بەغداد بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنى هەرێم ئەوا وەڵامێکیان دەبێت رەنگە بۆ هیچ لایەنێک سودى نەبێت جا ئەگەر کشانەوەش بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

 

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، ساڵی 2024 بەغداد تەنها 7%ـی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردوە، کە بەپێی ژمارەی دانیشتوان دەبو 14%بێت.

 

 

دەشڵێت: ئەو مامەڵەیەی ئێستا بەغداد دەیکات، زەلیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە چیتر ناتوانین ئەو زەلیلکردنە قبوڵ بکەین.

 

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، وەزیرە کوردەکان، پەیامی کۆبونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ دەگەیەننە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەئەگەری بەردەوام بونی بەغداد بەم دۆخە، بڕیاری گرنگ و چارەنوسساز دەدەین.

 

 

سەبارەت بە موچەی مانگی 12 وتی: هەمو شتێکمان پێشکەشی بەغداد کردوە، کۆتا قسەی ئەوان ئەوەیە پارەی موچە رەوانە بکەن، بەڵام تا ئێستاش هیچ بڕە پارەیەکیان نەناردوە، بۆیە هیچ ئومێدێکمان بە بەڵێنەکانی بەغداد نەماوە.

80 جار خوێندراوەتەوە