ئەنجومەنى وەزیرانى ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ئاگربەستی غەززە کۆدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:41 - 17/01/2025
جیهان
+
-

کابینەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ پەسەندکردنى ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کۆدەبێتەوە و دەشڵێت، ئامادەکاریی بۆ گەڕاندنەوەى بارمتەکان کراوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: لەسەر داوای بنیامین ناتانیاهۆ، ئەمڕۆ سەرەتا کابینەی ئاسایشى ئیسرائیل، بۆ تاوتوێی ئاگربەستەکە کۆدەبێتەوە و دواتر لە دانوستانی کابینەی حکومەتدا، بڕیار لەسەر پەسەندکردنی ڕیکەوتننامەی ئاگربەستی غەزە دەدرێت.

 

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، بنەماڵەی بارمتەکان ئاگادار کراونەتەوە و ئامادەکاریی پێویست بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان کراوە.

 

بەگوێرەی ڕەشنوسی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە ئەگەری پەسەندکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لەلایەن کابینەی ئیسرائیلەوە، ئاگربەستەکە لە ڕۆژی یەکشەمەوە دەچێتە بواری جیبەجێکردن.

 

پێشتر وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، هۆشداریی دا لەوەی، لە ئەگەری ئەوەی حەماس بەردەوام بێت لەسەر زیادەخوازییەکانی، کابینەی ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ئاگربەستەکە کۆ نابێتەوە.

42 جار خوێندراوەتەوە