جۆری ئەو پێنوسە چییە ترەمپ بەكاریدەهێنێت؟

KNN : Kurdish News Network
05:36 - 06/02/2025
هەمەڕەنگ
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نوسینگە هێلكەییەكەی دانیشتوە و بەپێنوسێكی رەشی پۆلێشراو بە رەنگی رەش واژۆی ئەو بڕیارانە دەكات كە جێگەی مشتومڕن.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

نزیکەی سێ هەفتە بەسەر دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادا تێدەپەڕێت، ژمارەیەك فەرمانی واژۆ كردوە كە جێگەی مشتومڕاو بون؛ لەوانە رێگریكردن لە ئەو كەسانەی تەمەنیان لە خوار (19) ساڵەوەیە و دەیانەوێت رەگەوزیان بگۆڕن، جارێكی دیكە پێکهاتەی سوپای ئەمەریکای گۆڕی، بەهێزکردنی سیاسەتەکانی رێگریكردن لە کۆچبەری نایاسایی، راگرتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە و هاندانی فەرمانبەرانی فیدراڵی بۆ دەستلەکارکێشانەوە.


لەكاتی واژۆكردنی بڕیارەكاندا، میدیاكانی جیهان و ژمارەیەكی زۆر لە بینەرەكانیان سەرنجیان لە پێنوسەكەی ترەمپ داوە و بوە بەپرسیار لەلایەن كە بۆچی سەرۆكی ئەمەریكا قەڵەمێكی رەشی (sharpie)ـی بەكارهێناوە؟ چی وایکردوە ئەم پێنوسە ئەوەندە تایبەت بێت؟ ئەو پێنوسانەی ترەمپ بۆ واژۆکردن بەکاری دەهێنێت كامانەن؟


لەوێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆفیسە هێلكەییەكەی ترەمپ دەردەكەوێت كە پێنوسەكانی بەدەستەوەیە كە رەنگی رەشی ئەستور لەسەر تیانوسەكان واژۆكانی خۆی بەجێدەهێڵێت، كە لە فەرمانی جێبەجێکردن و رەشنوسی وتار و نوسینەكانی دیكەی سەرۆكی ئەمەریكا پێكهاتون.


لەمیانی پرۆسەی دەستبەکاربونیدا لە واشنتۆن دی سی، دۆناڵد ترەمپ پێنوسی (sharpie) بۆ میوان و ئامادەبوانی ئاهەنگە هەڵدەدا، هەروەها دوای واژۆكردنی یەكەم فەرمان وەك سەرۆكی (47)ـی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئەو پێنوسەی واژۆكەی پێكردبو بۆ خەڵكی كاپیتۆڵ هەڵدا، ئامادەبوانیش هەوڵیان دەدا پێنوسەكە بگرنەوە و ژمارەیەكیشیان وێنەی سێڵفی روداوەكەیان تۆمار دەكرد بۆ ئەوەی وەك رۆژێكی مێژویی لای خۆیان بیهێڵنەوە.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشكرایكردوە، بەكارهێنانی پێنوسی (sharpie) لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكاوە هیچ نهێنییەكی تێدا نییە، ئەو لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەوە، ئەو جۆرە پێنوسەی بۆ واژۆکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و نوسینی تێبینی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە، بەڵكو داوای لە کۆمپانیای تایبەت بە پێداویستییەكانی نوسین كردوە كە پێنوسێكی تایبەت بەخۆی دیزاین بکەن و واژۆكەشی بە زێڕ لەسەر هەڵکەندراوە.


لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی کەناڵی (HBO)ـدا كە لە ساڵی (2018) پەخشكراوە ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە كە؛ "حەز لە بەکارهێنانی ئەو پێنوسانە ناكان كەلەلایەن سەرۆكەكانی پێشوەوە بەكارهێنراون". وتوشیەتی:" پێشتر بە پێنوسی گرانبەها بەڵگەکانم واژۆ دەکرد، لەگەڵ ئەوەی كە زۆر باش نەیدەنوسی قەڵەمێکی ترسناک و نرخەكەی زۆر گران بو".


هەروەك وتوشیەتی:"دواتر دەستم کرد بە بەکارهێنانی پێنوسی شارپی (sharpie) و لە دڵی خۆمدا وتم ئەم پێنوسە زۆر باشتر دەنوسێت و نرخەكەشی هەرزانە، لەبەر ئەوەی زۆر بەدڵم بو پەیوەندیم بەشارپییەوە کرد و داوام لێكردن كە پێنوسەكە بۆ رەش بکەن".


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاژماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ شارپی لەو کاتەوە دەستی پێنەکردوە کە بوە بە سەرۆك بەڵكو بەردەوام بۆ واژۆکردن و نوسینی تێبینی و نیشانەکردنی بابەت و هەواڵە چاپکراوەکان ئەو جۆرە پێنوسەی بەكارهێناوە.

691 جار خوێندراوەتەوە