بۆ درەنگ پیربون، بەهێزكردنی مێشك و تەندروستییەكی باش گوێز بخۆ

KNN : Kurdish News Network
05:54 - 07/02/2025
تەندروستی
+
-

گوێز سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە چەوری تەندروست، ریشاڵ، ڤیتامین و کانزاکان كە نزیکەی (185) کالۆری و (2.5) گرام ترشی چەوری ئۆمیگا3 تێدایە، چەورییەكەی تەندروستە و تایبەتمەندە بۆ چارەسەری ئەو خانانەی كە هەودەكەن، بۆیە توێژەران ئامۆژگاریمان دەكەن كە خواردنی گوێز بكەین بە خویەكی رۆژانە.

هەواڵ: (KNNC)


رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، بڵاویكردوەتەوە: گوێز سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە چەوری تەندروست، ریشاڵ، ڤیتامین و کانزاکان، هەروەها بەهۆی هەبونی تێکەڵەیەک لە ڤیتامین (E) و میلاتۆنین و پۆلیفینۆل، كە مادەیەكی دژە ئۆکسێنەرە بەهێزە؛ ئەوەش وادەكات كە كار بۆ كەمكردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا بكات، هەبۆیە بەراورد بە چەرەستەكانی دیكە، گوێز چالاکیی دژە ئۆکسێنەری زیاتری هەیە.


مشتێک گوێز، نزیکەی (185) کالۆری و (2.5) گرام ترشی چەوری ئۆمیگا3 تێدایە، چەورییەكەی تەندروستە و تایبەتمەندە چارەسەری ئەو خانانەی كە هەودەكەن، هەروەها گوێز هاوكاری و یاریدەدەری باشتر كراكردنی مێشكە لەگەڵ رێگیركردن لە تێكچونی خانە دەرمارەكان.


توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستوە كە، چەوری گوێز دەتوانێت رێژەی کۆلیسترۆڵی خوێن دابەزێنێت، ئەو كەسانەی بەشداریان لە توێژینەوەكەدا كردوە تەمەنیان لەسەروی (60) ساڵەوە بون، دەركەوتوە كە خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە گوێز،  کۆلیسترۆڵی (LDL) بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.


بەهۆی ئەوەی گوێز ئارەزوی كەمكردنەوەی خواردن زیاد دەكات، هاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی چەروی لەش بەتایبەتی كەمكردنەوەی ورگ، ئەو توێژینەوانەی لەسەر گوێز ئەنجام دراوان جەختیان كردوەتەوە لەوە كە، خواردنی گوێز یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئارەزوی خواردن دەكات، كە ئەوەش هۆكارێكی زۆرباشە بۆ ئەو كەسانەی ویستییانە كێش لەشیان كەم بكەنەوە.

 

یەكێكی دیكە لە ئەو توێژینەوانەی لەسەر گوێز ئەنجام داراون و لە گۆڤاری (Nutrients) بڵاوكراوەتەوە؛ جەخت دەكاتەوە كە خواردنی گوێز یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی یادەوەری لەنێو نەخۆشانی ئەلزەهایمەردا، توێژینەوەكە لەلایەن پەیمانگای نیشتمانی بۆ پیربون ئەنجام دراوە، توێژەرەوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە، گوێز خۆراکێکی چڕ و پڕە لە ماددە خۆراکیەکان و کۆمەڵێک پێکهاتەی تێدایە کە دەمارەکان لەنەخۆشی دەپارێزێت.


سەبارەت بەپیربونیش، خواردنی گوێز هاوكار دەبێت لە مانەوەی لەش بەشێوەیەكی جوان و تەندروست و جوڵەكانی لەشیش بەشێوەیەكی ئاسایی ئەنجام دەدرێت، توێژەران داوایان كردوە، خواردنی گوێز بكەن بە خویەكی رۆژانە و تەندروستی خۆتان بپارێزن.


گۆڤاری کلینیکال نیوتریشن توێژینەوەیەكی بڵاوكردوەتەوە كە دەڵێت؛ رۆژانە خواردنی نزیكەی (30) گرام گوێز دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی توشبون بە مەترسی خەمۆكی، لەكەسانی گەنج و تازە پێگەیشتودا، هەروەك ژمارەیەك توێژینەوەی دیكە جەختیان كردوەتەوە كە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان گوێز و زیادبونی کارکردنی مێشکدا هەیە.

187 جار خوێندراوەتەوە