پسپۆڕانی خۆراك، پەڵپینەبە گەوهەرێکی بەنرخ پێناسە دەكەن، چونكە سەرباری
تاموچێژەكەی سودی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنێت، سەرۆکی سەنتەری خۆراک و تەندروستی
ئاشكاریكردوە كە؛ روەكێكی موعجیزەییە و لەنێوان هەمو سەوزەكاندا بەرزترین ئاستی
ترشە چەوری (ئۆمیگا - 3) تێدایە.
تەندروستی: (KNNC)
د. ئارتەمیس سیمۆپۆلۆس، سەرۆکی سەنتەری خۆراک و تەندروستی رایگەیاند:
پەڵپینە روەکێکی خۆڕاگری بەهێزە و لە درزی شەقامەکانەوە سەوز دەبێت، روەکێکی موعجیزەییە،
چونكە لەنێوان هەمو سەوزە جیاوازەكاندا بەرزترین ئاستی ترشە چەوی (ئۆمیگا - 3)
تێدایە.
وتوشیەتی: گەڵاكانی پەڵپینە کە لە شێوەی دڵۆپی فرمێسکن، تاڕادەیەك تامی لیمۆی
تازە دەدەن، روەكەكە دژە ئۆکسێنەر و ڤیتامین و کانزاکانی زۆری تێدایە، كە ئەمەش وایکردوە
ببێتە خۆراكێكی بەهێز.
ئەمەریكییەكان تا سەرەتاكانی ساڵی (1900) پەڵپینەیان وەك یەكێك لە سەوزە
سەرەكییەكان بۆ دروستكردنی ترشیات بەكاردەهێنا، بەڵام دواتر لەلایەن جوتیاران و ئامادەكارانی
خواردەمەنییەوە گرنگی زیاتری پێدراوە و لە خواردەمەنییە جۆراوجۆرەكاندا بەكاریانهێناوە.
لە کاتی ئامادەکردنی پەڵپینە، زۆر گرنگە روەکەکە بەجوانی بشۆرێتەوە، چونكە
تامەكەی كەمێك سوێرە دواتریش دەتوانرێت لەناو زەڵاتە و خواردنە جۆربەجۆرەكانا
بەكاربهێنرێت.
سودەكانی پەڵپینە؛
بەهۆی هەبونی بەرزترین رێژە لە ترشە چەورییە ئۆمیگا-3 بەراورد بە سەوزەكانی
دیكە، پەڵپینە سودێكی زۆر بۆ تەندروستی مێشک
و دڵ هەیە.
دژە ئۆکسێنەری (گلوتاتیون)ـی تێدایی بۆیە پەڵپینە یارمەتی پاراستنی خانەکان
دەدات و دەركەوتنی پیربون لەسەر پێست دوادەخات.
کانزاکان، پەڵپینە بڕێکی
زۆر لە کالیسیۆم، مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم، ئاسن، فسفۆر، مەنگەنیز، مس، فۆلات و سیلینیۆمی
تێدایە بۆیە پەڵپینە تەواوكاری خۆراكی پڕدەكاتەوە و تەندروستی دەپارێزێت.
ڤیتامین (C): پەڵپینە
بە سەرچاوەیەکی زۆری ئەم ڤیتامینە دادەنرێت كە هاوكاری بەرز بونەوەی بەرگری لەش دەكات.
بێتا کارۆتین: كە وەک پێشەکییەک
بۆ ئامادەكردنی ڤیتامین (A) لەلەشدا کاردەکات، چارەسەری ئەو کەمیی ئەو
ڤیتامینە دەکات کە بە شێوەیەکی باو لە کەسەکاندا دەبینرێت.
میلاتۆنین: پەڵپینە هۆرمۆنی میلاتۆنینی تێدایە کە زۆر گرنگە بۆ رێکخستنی شێوازی
خەوتن، كە بەیەكێك لە سەرچاوە سروشتی بەنرخەكان بۆ بەدەستهێنانی ئەو هۆرمۆنە
دادەنریت.
کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ: بەهۆی دژە ئۆكسێنەری (بیتالین) کە لە پەڵپینەدا
هەیە، یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچونی کۆلیسترۆڵ بۆ خوێنبەرەکان و کاریگەری لەسەر
ئاستی کۆلیسترۆڵی (LDL) هەیە.
تریپتۆفان: پەڵپینە (پورسلاین
تریپتۆفان)ـی تێدایە كە ترشێکی ئەمینییە و هاوكاری بۆ رێکخستنەوەی باری دەرونی و بەرەنگاربونەوەی
خەمۆکی.
157 جار خوێندراوەتەوە