سەرۆککۆمارى ئێران
ئاشکرایدەکات کە کێشەکان لە کەرتى ئاو و کارەبا و غاز و وزە تاران-ى بەرەو وێرانە
بردوە، بەجۆرێک ئەو شارە چیتر بەکەڵکى ژیانکردن نەماوە.
هەواڵ:KNNC
مەسعود پزیشکیان،
سەرۆککۆمارى ئێران لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پلاندانان و گەشەکردن رایگەیاندوە؛
رێژەى باران بارین لە وەرزى زستان لە تارانى پایتەخت کەم بوە و بە ئەگەرێکى زۆرەوە
ساڵى 2026 شارەکە روبەڕوى کێشەى توند دەبێتەوە لە کەرتى ئاو بەتایبەت ئەو شارە کە
پشتى بە ئاوى بەفر و باراناو دەبەستێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە دۆخى ئێستاى تاران چیتر رێگە نادات ژیان لەو شارە
بەردەوام بێت بەتایبەت کە ناتوانرێت کێشەى ئاوى ئەو شارە لەڕێی تانکییەکانى ئاوەوە
چارەسەر بکرێت.
باسى لەوەشکردوە کە لە
هەندێک ناوچەى تاران، کێشەى رۆچونى زەویی دروست بوە و هۆشداریش دەدرێت لە
دروستبونى روداوى سروشتى نەخوازراو لە شارەکە و پێشتریش راپۆرتەکان ئەوەیان ئاشکرا
کردوە کە کێشەى رۆچونى زەوى کاریگەریی نەرێنى لەسەر ژێرخانى شارەکە دروست دەکات
بەتایبەت فڕۆکەخانەکان و کاریگەریی لەسەر ژیانى 14 ملیۆن کەس دروست دەکات.
پزیشکیان جەختیشى
کردوەتەوە کە ناکرێت چارەسەرى کێشەکان تەنها بە دەرکردنى رێنمایی بێت، بەڵکو دەبێت
کەسانى پسپۆڕ چارەسەرى دۆخەکە بکەن و ئەگەر بەمشێوەیەش قەیرانەکان بەردەوام بێت
ئەوا لە وەرزى زستان غازى ماڵان لە شارەکە رادەوەستێت.
2079 جار خوێندراوەتەوە