ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە ئاشكرایكرد؛ سەرباری ئەوەی كە بەرپرسانی
دەوڵەتی تورک باس لەوە دەکەن کە ئەم نەورۆزە وەک جەژنی بەهار و خوشک و برایەتییە،
بەڵام رۆژانی نەورۆزدا سوپای توركیا بەردەوام بو لە بۆردومانكردنی چیاكانی
كوردستان زیاتر لە (700) جار هێرش بۆسەر هێزەكانیان ئەنجامداوە.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ شەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)
بڵاویكردەوە؛ لە رۆژانی نەورۆزدا و بەبێ وەستان، سوپای توركیا چیاكانی كوردستانی
بۆردومانكردوە، بۆ ئەو مەبەستەش هێزەکانی گەریلا رێکاری گونجاویان بەجۆرێك گرتوەتەبەر كە بۆردومانەكە
هیچ زیانێک بە هێزەکان نەگەیەنێت.
رونیكردوەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا (14) جار هێرشیان
ئەنجام داوە كە لە رۆژانی (20، 21 و 22ـی ئادار) گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و
گۆشینی هەرێمی خواکوڕک دوجار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە پێنج جار، گۆڕەپانی
بەرخۆدانی بێشیلی هەرێمی مەتینا سێجار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی
شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ چوارجار بۆردومان كردون.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە رۆژانی (20 و 21ـی ئادار) سوپای توركیا
بەبەكارهێنانی بەچەکی قورس و تۆپ و هاوەن هەریەك لە هەرێمی خواکوڕک، هەرێمی گارە، هەرێمی
مەتینا و هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ (698) جار تۆپباران کردون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماژەی بۆ
ئەوەشكردوە، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بەزارەکی باس لەوە دەکەن کە ئەم نەورۆزە وەک
جەژنی بەهار و خوشک و برایەتی پیرۆز دەکەن، بەڵام (712) جار لە ئاسمان و زەوییەوە هێرش
بۆسەر كوردستان زیان گەیاندن بە سروشتی جوانی ئەنجام داوە.
131 جار خوێندراوەتەوە