حوسییەكان بڵاویانكردەوە؛
شەوی رابردو هێزەكانی ئەمەریكا (17) هێرشی ئاسمانییان بۆسەر یەمەن ئەنجامداوە،
هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا جەخت لەبەردەوام هێرشەكان بۆسەر ئەو گروپە دەكاتەوە.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ پێنجشەممە
میدیاکانی نزیك لە حوسییەکانی یەمەن ئاشكرایانكرد؛ شەوی رابردو هێزەكانی ئەمەریكا
(17) هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچەی سەحلین لە قەزای سالم لە پارێزگای سەعدەی
یەمەن ئەنجامداوە كەبەهۆیەوە چوار قوبانی لێكەوتوەتەوە.
ئاماژەیان بۆ
ئەوەشكردوە، سوپای ئەمەریكا چوار جار هێرشی كردوەتە سەر کانگایەکی بەردین لە ناحیەی
خوالان سەر بە پارێزگای سەنعای پایتەختی یەمەن كە بەهۆیەوە دو گیان لەدەستدان و
برینداربونی دو کەسی دیكەی لێكەوتوەتەوە.
ئەوەشیانخستوەتەڕو،
(15) هێرشەكەی دیكەی سوپای ئەمەریكا بۆ كۆگاكانی چەك و بنكە سەربازییەكانی چەكدارە
حوسییەكانە لە ناوچەكانی نیزك لە سەنعا، بەنی حوشەیشیان و جەربانی ناوچەی سەنهانیان،
هەروەها بنكەی ئاسمانی دەیلامییان بەئامانج گرتوە.
هاوكات، لە
میانەی وتارێكدا كەلەلایەن میداكانی ئەمەریكاوە پەخشكرا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی
ئەمەریكا جەختی كردوەتوە كە، بۆ لەناوبردنی حوسییەكانی یەمەن واشنتۆن بەردەوام
دەبێت لە هێرشەكانی، چونكە حوسییەکان لە خەڵكانی خراپ پێكهاتون و ژمارەیەكی زۆر خەڵکیان
کوشتوە.
سەرۆكی ئەمەریكا
بەئامانج گرتنی حوسییەكانی یەمەنی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند: هێرشە ئاسمانییەكانی
سوپای وڵاتەكەی سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
لەكاردانەوەی دەستپێكردنەوەی
هێرشەكانی تەلئەبیب بۆسەر كەرتی غەززە حوسییەكان راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە كە
تیاردا ئاماژە بۆ ئەوەكرابو؛ جارێكی دیكەی رێگری لە هاتوچۆكردنی کەشتییە ئیسرائیلییەکان
لە دەریای سور و دەریای عەرەبی و گەروی بابلمەندوب دەكەن، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی
بۆسەر گروپی حوسییەکان دەستپێكردوە.
64 جار خوێندراوەتەوە