حەكیم كاكەوەیس نوسەر‌و وەرگێڕی كورد كۆچی دوایكرد

KNN : Kurdish News Network
01:28 - 20/11/2018
کوردستان
+
-

دوایین كتێبی حەكیم كاكەوەیس لە ژێر چاپدایە
حەكیم كاكەوەیس 28 بەرهەمی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری هەیە


حەكیم كاكەوەیس، نوسەر‌و وەرگێڕی كورد، لە تەمەنی 69 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە كۆچی دوایكرد، حەكیم كاكەوەیس خاوەنی 28 بەرهەمە‌و كتێبێكیشی كە باس لە نەهامەتیەكانی گەلی كورد دەكات لە ژێر چاپدایە‌و بە كەسێكی شارەزا لە زمان ‌و ئەدەبیاتی كوردی دادەنرێت.

مەرگ ڕێگەی بەحەكیم كاكەوەیس نەدا چاپی دوایین كتێبی خۆی بەناوی سەگەكە چوارەمیان بوو كە باسی لەنەهامەتی گەلی كورد دەكات ببینێت.

حەكیم عەبدوڵا كاكەوەیس، نوسەرو وەرگێڕ و ڕۆشنبیری كورد، لە شاری كەركوك دەژیا، بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕووی لە بەغدا كردبوو، لەتەمەنی 69 ساڵیدا شەوی  18 لەسەر 19ی ئەم مانگە دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

حەكیم كاكەوەیس ساڵی 1949 لە گوندی حەساری پارێزگای كەركوك هاتوەتە دونیاوە، بە شارەزایی ‌و لێزانی لە زمانی كوردی ناسراوە، چەندین كتێبی لە زمانی عەرەبی ‌و سویدییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، لە 69 ساڵی تەمەنی بەگەڵێك وێستگەی سەخت و دژوار و ئاوارەیی تێپەڕیوە،  لەساڵی 1983 بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانیەوە ئاوارەی وڵاتی سوید دەبێت.

حەكیم كاكەوەیس لەدوای خۆی 28 بەرهەمی ناوازەی لەبواری ئەدەبی كوردی و عەرەبی و جیهانیدا لەنمونەی تەونی جاڵجاڵۆكە و تاوان و سزا و هەروەها 3 لە كتێبەكانی مەسعود محەمەد بیرمەندی كوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، دوایین بەرهەمیشی كتێبێكە بەناوی سەگەكە چوارەمیان بوو كە باسی لەنەهامەتیەكانی گەلی كورد دەكات ‌و لە ئێستادا لە ژێر چاپدایە.

946 جار خوێندراوەتەوە