كه‌ی‌ حه‌ره‌می‌ خوێندن شكێنرا؟

زۆرجار وشه‌ی‌ حه‌ره‌م شكاندن له‌ میدیاكانی‌ ئه‌م  كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌كارده‌هێنرێت، با جارێ‌ بزانین ئه‌م وشه‌یه‌ چیه ‌و كه‌ی‌ به‌كارده‌هێنرێت ؟

وشه‌ی‌ (حه‌ره‌م) له‌ حه‌رامه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، ووشه‌كه‌ عه‌ره‌بیه‌، بۆ ئه‌و شتانه‌ به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌نجامدان و كردنیان  به‌پێی‌ یاساو ڕێساكان، ڕێلێگیراون.

به‌جۆرێكی‌ تر (حه‌ره‌م) سنورێكی‌ دیاریكراوی‌ ڕێزلێگیراوه‌، كه‌ ئه‌و شوێنه‌ ناكرێ‌ سنوره‌ یاسایی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ بشكێنرێت، پێویسته‌ هه‌مووان وابه‌سته‌ و پابه‌ند بكرێن به‌و یاسایه‌ی‌ بۆی‌ دانراوه‌.

له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی‌ ئێمه‌ زیاتر باسی‌ حه‌ره‌مه‌كانی‌ ( مزگه‌وت، قوتابخانه‌، زانكۆ.....) هتد، ده‌كرێن، ئه‌وه‌ی‌ له‌م ماوه‌یه‌دا، له‌ناو خوێندنگه‌یه‌كی‌ شارى‌ سلێمانی‌  له‌ڕێگه‌ی‌ سۆشیال میدیادا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ناو ژوری‌ كارگێڕی‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ چه‌ند چه‌كدارێك، په‌لاماری‌ باوكی‌ خوێندكارێكیانداو ئازاریاندا، ئه‌وه‌ به‌ڕوونی‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ خوێندنگا بوو، به‌ڵام ئایا ڕۆژانه‌ له‌م هه‌رێمه‌ سه‌دان كاری‌ جیاوازتر له‌و شێوه‌یه‌ بۆشكاندنی‌ حه‌ره‌مه‌كان ئه‌نجام نادرێ‌؟ بێگومان خراپتر له‌وه‌ كراوه‌و ده‌كرێت، هه‌ر له‌ماوه‌ی‌ سی‌ ساڵ حوكمڕانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیدا له‌م هه‌رێمه‌، ده‌یان نوسه‌رو چاودێرو چالاكوان  خه‌وش و كه‌موكوڕتییه‌كانی‌ ئیداره‌دانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان خستۆته‌ ڕوو، وه‌ك پێشنیارو ره‌خنه‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیان كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وان یان  به‌ناحه‌زی‌ ناوخۆ یان به‌ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌ و به‌وه‌ سه‌ركوتیان كردوون.

یه‌كێك له‌و باس و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ جێی‌ مشتومڕی‌ به‌رده‌وام بوو حه‌ره‌م شكاندنی‌ په‌روه‌رده‌یه‌، به‌درێژایی‌ هه‌ژمونی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌ی‌  ده‌بوو بكرایه‌ نه‌ك هه‌رنه‌كرا، حیزبه‌كان خۆیان تێكیانداوه‌ و له‌و خه‌راباته‌ به‌رده‌وامن، حه‌ره‌م شكاندن له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌ له‌ده‌ستخستنه‌ ناو كارو باری‌ په‌روه‌رده‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌خوێندنگه‌كه‌ی‌  شاری‌ سلێمانی‌ ڕویدا، له‌چاو كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی‌ ترو پێشێلكاریه‌كان نمونه‌یه‌كی‌ بچووكه‌، ئه‌كرێ‌ پێشێلكاریه‌كانی‌ حیزبه‌كان بۆ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، له‌م خاڵانه‌دا كورت بكه‌مه‌وه‌:
1-    بڕینی‌ موچه‌ و بژێوی‌ و مافی‌ مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران، به‌بیانووی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌، ئه‌و قه‌یرانه‌ش ده‌ستكردو بێ پلانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌، كه‌ حیزبه‌كان ئه‌نجامیاندا.

2-    گوێنه‌گرتن له‌ داواو خواستی‌ مامۆستایان، كه‌ دواكه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌ به‌هۆی‌ بایكۆتكردنی‌ ده‌وام.
3-    سوكایه‌تیكردن به‌ كه‌سێتی‌ مامۆستایان ئه‌ویش به‌  شه‌ق هه‌ڵدان و زیندانیكردنیان و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ به‌و توێژه‌ گرنگه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌.
4-    ده‌ست وه‌ردان له‌كارو باری‌ كارگێڕی‌ قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان له‌لایه‌ن باره‌گاكانی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان، به‌ لابردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ سه‌ر به‌ حیزب نین و ئه‌گه‌رچی‌ شایسته‌ و شاره‌زاش بن، دانانی‌ كه‌سانی‌ نه‌شاره‌زاو بێ‌ ئاگاو بێ‌ ئه‌زموون ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌ربه‌ حیزبن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری‌ خراپی‌ كوالێتی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌.
5-    هه‌موو كاروبارو ئیشه‌كانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ حیزبین به‌باشی‌ و بێگرفت ڕایی‌ ده‌بن له‌ دانان و گواستنه‌وه‌ و دامه‌زراندن.
6-    كاركردن به‌ نوسراوی‌ حیزب بۆ دامه‌زراندن و جیاكاری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ بێ‌ لایه‌نن، ئه‌م كاره‌ له‌ناوه‌نده‌ بالاَكانی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌نجامدراوه‌.
7-    گه‌ڕان به‌دوای‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ سه‌ربه‌حیزبه‌كانن بۆ ئه‌و پۆست و جێگانه‌ی‌ كه‌ به‌هه‌رهۆكارێك بێت، كه‌سی‌ یه‌كه‌م یان به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان ده‌ست ده‌كێشنه‌وه‌ یان خانه‌نشین ده‌كرێن، زۆرجار ئه‌وكه‌سانه‌ تواناو لێهاتوویی‌ ئه‌وتۆیان نیه‌و هیچ پێوه‌رێكی‌ زانستی‌ نیه‌، بۆ دانانیان.

ئه‌م مامه‌ڵه ‌نادروستانه‌ی‌ باسمانكردن له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ 1991 كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، له‌ هه‌ردوو زۆنی‌ سه‌وزو زه‌رد به‌رده‌وام  هه‌نگاوی‌ چه‌وتیان له‌و ڕووه‌وه‌ ناوه‌، له‌دوای‌ 2009 و دروست بوونی‌ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م كارانه‌ زیاتر تۆخكرانه‌وه‌، ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستا به‌بیانووی‌ جیاواز له‌ كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ یان گوازرانه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ تر و كه‌سانی‌ خۆیان له‌و شوێنانه‌ داناوه‌.

بۆیه‌ ده‌كرێ‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان به‌شكێنه‌ری‌ حه‌ره‌می‌ خوێندنگاو قوتابخانه‌كان دابنێین، زۆر له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌، ئاماژه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندن ده‌كه‌ن و ئه‌یكه‌نه‌ پێوه‌ری‌ ڕاستی‌ و دروستی‌ ئازادییه‌كان و پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگه‌.

هه‌ركات ڕێز حه‌ره‌می‌ خوێندنگه‌ و مامۆستایان و پرۆسه‌ی‌  په‌روه‌رده‌ نه‌گیرا و نه‌بووه‌ جێگه‌ی‌ بایه‌خی‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كی‌ باش و ئاینده‌یه‌كی‌ ڕوون له‌و شوێنه‌ به‌دی‌ ناكرێت..

879 جار خوێندراوەتەوە