گرنگی‌ و بایه‌خی‌ شوێنه‌واره‌كان و چه‌ند سه‌رنجێك

ئه‌وه‌ی‌ بۆته‌ مایه‌ی‌  شانازی‌ ڕابوردوومان، كه‌لتورو مێژووی‌ باپیرانی‌ ئه‌م گه‌له‌یه‌، ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌  كه‌ له‌ناو سنگی‌ خاكدا، پارێزراون، بۆئه‌وه‌یه‌ ڕابردووی‌ پڕ شكۆو ڕووداوو كاره‌سات و شێوازی‌ حوكمڕانی‌ و جۆری‌ ده‌سه‌لاَته‌كان و ناسینیان، نه‌فه‌وتێت و جیابكرێنه‌وه‌ و به‌ نه‌وه‌ی‌ داهاتوو ئاشنا بكرێن، بۆیه‌ بایه‌خی‌  شوێنه‌واره‌كان زۆرگه‌وره‌ن و نابێ‌ به‌ سانایی‌ و ساده‌یی‌  بكرێنه‌ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌ت و كه‌سی‌، كه‌سایه‌تیه‌كی‌  گه‌وره‌ی‌ وه‌ك ( عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بو زكری‌) ئاوا  باسی‌ شوێنه‌وار ده‌كات و ده‌ڵێ‌: ( له‌شوێنه‌واره‌كه‌دا  گێڕدرایه‌وه‌، كه‌ مرۆڤه‌كان  سێ‌ جۆرن، زانایه‌ك، كه‌سێكی‌ خوێنده‌وار، دڕنده‌، دڕنده‌كان له‌ناو ئاگردان، كه‌واته‌ بزانه‌ سه‌ربه‌كامیانیت).

ئه‌و ده‌ربڕینه‌ زۆر شتمان پێده‌ڵێ‌ و ئاشنامان ده‌كات، به‌ شوێنه‌واره‌كان وجۆری‌ ژیان و مێژووی‌  گه‌لان ، و پۆلێنكردن و زانینی‌ ئاستی‌ شارستانی‌  و چاخ و  قۆرخكاری‌ وداگیركردن و  جۆری‌ په‌یوه‌ندی‌ و ڕاده‌ی‌ توانای‌ ده‌سه‌لاَت و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌، ئه‌و حوكمڕانانه‌ی‌  سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كان.

دیاره‌ كوردستانیش له‌ بوونی‌ سه‌دان شوێنه‌واری‌  گرنگ  بێبه‌ش  نیه‌، زۆریان دۆزراونه‌ته‌وه‌و كنه‌وپشكنینیان بۆ كراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا، توێژه‌ران و شیكه‌ره‌وانی‌ بواری‌ شوێنه‌وار، گه‌یشتونه‌ته‌، ئاكامی‌ گرنگ و دڵخۆشكه‌ر بۆ مێژووی‌ ڕابوردووی‌ گه‌له‌كه‌مان ، له‌وانه‌ گوندی‌ چه‌رمۆو و گوندی‌ بێستان سوورو ئه‌شكه‌وتی‌ هه‌زار مێرد و شوێنه‌واری‌ قزقاپان و شارستانێتی‌ دێرینی‌ زه‌رزی‌ و زۆریتر.

جگه‌ له‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌  دۆزراونه‌ته‌وه‌ و خراونه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌فه‌ی‌ مێژوو یان له‌مۆزه‌خانەكاندا  كراونه‌ته‌ به‌ڵگه‌ی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گری‌ ڕاستی‌ و دروستی‌ مێژووی‌ زێڕینمان، سه‌دانی‌ دیكه‌ش هه‌ن، هه‌ر له‌ناو سنگی‌ خاكدان و مرۆڤی‌  ئه‌م سه‌رده‌مه‌ په‌یپێنه‌بردون و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، نابێ‌ وا ده‌سته‌وستان دانیشین و بێ‌  بایه‌خ سه‌یریان بكه‌ین، وه‌ك (سامۆیل جۆنسۆن) ده‌ڵێ‌: (هه‌موو سه‌رسوڕمانه‌كان كاریگه‌ری‌ تازه‌گه‌رییه‌، له‌سه‌ر نه‌زانی‌).

دیاره‌ ئه‌م وته‌یه‌، ته‌واو ته‌باو گونجاوه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ كه‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌لاَم كاتێ‌  ده‌ستی‌ زانین  پێیان ده‌گات و شاراوه‌ و نه‌زانه‌كان، ده‌بنه‌ جێی‌ سه‌رسوڕمانی‌ هه‌مووان، ئینجا ئاشنامان ده‌كات به‌وه‌ی‌ نه‌مازانیوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ من و ده‌یان كه‌سه‌، له‌سه‌ر شوێنه‌واره‌كان، بۆته‌ مایه‌ی‌ خه‌مێكی‌ قوڵ و ناخ هه‌ژێن، چونكه‌ وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌گرنگه‌ نه‌كراوه‌، له‌م هه‌رێمه‌ بچووكه‌ی‌ ئێمه‌دا، سالاَنه‌ چه‌ندین كه‌س به‌شی‌ شوێنه‌وارناسی‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌رده‌چن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ دامه‌زراندن  بۆوه‌زاره‌تی‌ تایبه‌تمه‌ند و به‌تایبه‌تی‌ و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی‌ تر، وه‌ستاوه‌ و كه‌س دانامه‌زرێت.

وه‌ك ئاگاداریشین، چه‌ندین  ڕێكخراوو زانكۆی‌ جیهانی‌ باوه‌ڕپێكراو، به‌مه‌به‌ستی‌  كنه‌و پشكنین، دێنه‌ كوردستان و مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كانیان، ئه‌وه‌ جێی‌ ده‌ست خۆشی‌ و دڵخۆشیه‌، كه‌ ئه‌وان بێن و مێژووی‌ گه‌شی‌ ئێمه‌ بنه‌خشێنن، به‌لاَم  له‌و تیم و گروپانه‌ی‌ به‌و كارانه‌ هه‌ڵده‌ستن، پلان و به‌رنامه‌یه‌كی‌ گونجاویان نیه‌، تا به‌شێكی‌ زۆر له‌و ده‌رچووانه‌ی‌  دانه‌مه‌زراون، له‌گه‌ڵ ئه‌و تیم و گروپانه‌ دابنرێن و كاربكه‌ن، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شت و گوزار به‌پلان كار له‌سه‌ر داواو خواستی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكات، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌  دامه‌زراون و فه‌رمانبه‌رن، یان به‌هه‌رهۆیه‌ك بێت، ده‌خرێنه‌ ئه‌و لیژنه‌و تیمانه‌، دیاره‌ سودێكی‌ زانستی‌ و ئه‌زمونی‌ بۆیان هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ مای‌ باش و بژێوی‌ بۆ خۆیان و كه‌سوكاریان.

چونكه‌ ئه‌و پلان و نه‌خشه‌ی‌ كاركردنانه‌، ده‌بێ‌ ئاراسته‌ كراوبن، بۆئه‌وه‌ی‌ سود وئامانج  به‌دی بێنن، هه‌ربۆیه‌ (ئه‌لفرێد مارشاڵ) ده‌ڵێ‌: (هه‌موو كاره‌كان، ئاراسته‌كراون، بۆ ئه‌وه‌ی‌  هه‌ندێك  كاریگه‌ری‌  دروست بكه‌ن).

 له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێویسته‌، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌باشی‌ ڕاهێنانیان پێبكرێت، بۆ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمانه‌، ناكرێ‌ كه‌سانێك بن ته‌نها بۆكاری‌ به‌رده‌ستی‌ و ڕایی‌ كردنی‌ ئه‌و  ئه‌ركانه‌ی‌  ئه‌وان گه‌ره‌كیانه‌، واباشه‌ شاره‌زایی‌ و ئه‌زمونیان هه‌بێت، تا ئه‌وانیش ڕاو بۆچونیان وه‌ربگرن، یان ده‌بێت نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌ت و مۆزه‌خانه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌كان بێت، تا هه‌موو زانیاریه‌كان و نه‌هێنیه‌كانی‌ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌، تۆمار بكرێن و وه‌زاره‌تی‌ لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌، له‌وانه‌ش گرنگتر، ڕێگری‌ له‌ كاری‌ فرۆشتن و به‌قاچاخبردنی‌ شوێنه‌واره‌كان بكرێت، بەو‌هۆیه‌ی‌ كورد دوژمنی‌ زۆره‌، بۆ سڕینه‌وه‌و به‌لاڕێدابردنی‌ میژووه‌كه‌ی‌، واباشه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ دۆستانه‌ و مرۆڤانه‌ بكرێت، گیانی‌ به‌رزی‌ خۆشه‌ویستی‌ نیشتمان و مێژوومان بخرێته‌ سه‌روو، ئامانجی‌ تایبه‌ت.

(گیای‌ لوبالین)ده‌ڵێ‌: (هه‌ندیكجار ڕونكردنه‌وه‌، ده‌كه‌یته‌، قوربانی‌، بۆزیاد بوونی‌ كاریگه‌ری‌).

ئه‌و داوایانه‌ی‌ من بۆ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدارن ته‌نها خه‌م و دڵسۆزییه‌، بۆ نیشتمان و مێژوون شوێنه‌واره‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌  ئه‌و به‌شه‌ گرنگه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و نه‌توانراوه‌، سوودیان لێببینرێت.

497 جار خوێندراوەتەوە