ئاسایشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر

دوای ئەوەی لەبەرناڕەزایەتی وبایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگەکان تانوسینی ئەم وتارە نەکراونەتەوەو بەداخراوی ماونەوە، چەندین بۆچوون وڕای جیاوازو دژبەیەک لەسەر ئەودۆخە هاتنە ئاراوە.

لایەنی کاربەدەستان وحکومەت وحیزبەکان یەک لایەن وجەمسەری گرفتەکە لێکدەدەنەوە، ئەویش ئەوەیە گوایە قوتابی وخوێندکاران باجەکەی دەدەن، سەرەڕای ڕەوایی داوای مامۆستایان،  بێ ئەوەی لایەنەکانی تر لەبەر چاوبگرێت وکاری لەسەربکات بۆچارەسەری ڕیشەیی گرفتەکە، چونکە هەرخۆیان هۆکارن،  لایەنی دووەم ئەویش هەرداوای مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت، بەڵام تەنها بۆچوونی لەسەر کێشەکە هەیە وپشتگیری ناڕەزایەتیەکان دەکات، توانای چارەسەری گرفتەکەی نیە.

ئەوەی پێش کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان دەبێت بیری لێبکرێتەوەو هەنگاوی چارەسەری ڕێشەیی بۆبنرێت، چاککردنی پرۆسەکەیە بەگشتی وئاوڕدانەوەیە لەکۆی پرسەکە، بەدانانی فەلسەفەیەکی گونجاوی هاوچەرخی پەروەردەییە کە ئاراستەیەکی زانستی وپەروەردەیی ودەروونی وکۆمەڵایەتی و.... لەخۆبگرێت.

بابەتێکی تری گرنگ کە دەکرێ هەنگاوی پێویستی بۆبنرێت، دۆخی بژێوی مامۆستایان وبەرزکردنەوەی ئاستی بژێویانە، کە پەیوەندیەکی ڕاستەخۆی لەسەرپرۆسەکەهەیە.

ئاسودەیی دەروون، هۆکاری سەقامگیری وسەرخستن وبەدیهێنان وگەیشتنە بەئاکام، بەتایبەت لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، ئەویش بەباشکردن وگۆڕینی گوزەرانی مامۆستایان دەبێت، هەرچی بکرێت بۆئاسایشی دەروونی مامۆستایان واتە بەهاناوەچوون بۆچارەسەری ڕیشەیی دۆخی پەروەردە، لەم قۆناغەدا دەرچەیەکە بۆئاراستەی دەرهێنان لەودۆخەی پەروەردە کەوتۆتە سوڕی خەوتن ومتبوون.
(برایان تریسی) لەبارەی بوونی ئاسایش لەناوناخی تاکدا دەڵێ:( تا زیاتر بەدوای ئاسایشدا بگەڕێیت، کەمترت لێی دەستدەکەوێت).
لەم وتەیەوە ئەوەمان بۆدەردەکەوێت بوونی ئاسایش هەرچەندزۆربێت هێشتا ڕۆحی مرۆڤ تێرناکات وزیاترداوادەکات.

جگە لەئاسایشی دەروونی چەند جۆرێکی تر لە ئاسایش بوونی هەیە کەهەریەکێک لەوانە گرنگی وبایەخی زۆری هەیە بۆژیانی کۆمەڵایەتی وتاکیش، لای (شەمسی تەبرێزی)ئاسایش پلەکەی زۆرباڵایە، ئەودەڵێ:(
ئاسایش لە خۆشەویستی بەرزترە، بۆیە کاتێ نزیک بیت لێی سەرسام دەبیت، نزیک بوونەوەش دەبێتە هۆکاری  دڵنیایی).
چەند جۆرێکی ترلەئاسایش هەن کەجێی بایەخ وگرنگی پێدانن ئەوانیش ئامانەن:
١-ئاسایشی دەروونی
٢-ئاسایشی خۆراک
٤-ئاسایشی تەندروستی
٤-ئاسایشی ئابووری
٥-ئاسایشی ژینگەیی
٦-ئاسایشی ماڵ
٧-ئاسایشی مرۆڤایەتی
٨-ئاسایشی سەربازی
٩-ئاسایشی زانیاری
١٠-ئاسایشی نەتەوەیی
١١-ئاسایشی ئاو
١٢-ئاسایشی کۆمەڵایەتی
ئەمانەی ئاماژەمان بۆکردوون جۆرە جیاوازەکانی ئاسایشن، بەگشتی کاریگەرییان لەسەرژیان هەیە، هەریەکێک لەمانە کەموکورتی هەبوو لایەنێکی گرنگی ژیان کەلێنی تێدەکەوێت.

بۆئەوەی گرفت وکێشە پەروەردەییەکان بنەبڕبکرێن، پێش هەرهەنگاوێک دەبێت بیرلەسەقامگیری وئارامی وئاسایشی دەروونی مامۆستایان بکرێتەوە، ئەگەرئەمە نەکرێت چۆن خەمی پرۆسەی پەروەردە هەڵدەگیرێت؟
دڵێکی خۆش ونیگایەکی دووربین ومێشکێکی دوورلە بیرکردنەوەی ئاڵۆزی، هەموویان دەبنە بنەمایەکی پتەو بۆ بەدیهێنانی پلانێکی ڕاست ودروست ونەخشەیەکی گونجاوی زانستی بۆ ئەنجامدانی هەر کاروپلان وپرۆسەیەکی خواستراو، لەم کاتەدا کە مامۆستایان هیچ دڵیان بە پیشەکایان خۆشنەبێت وهیچ ڕوانگەیەکی باش نەبێت بۆ بینین وهزریان هێندە ئاڵۆزکابێت، چۆن پلان ونەخشەوڕێگایەک بدۆزنەوە تابتوانن بەباشی وەک توێژێکی گرنگی ناوکۆمەڵگە خزمەت بە قوتابیان وخوێندکاران بکەن؟

مامۆستایان بەسێ مانگ موچەیەکی کەم وەربگرن، چۆن ئاگایان لەپرۆسەی پەروەردە دەبێت؟
 
بە مەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە و باشترکردنی کوالێتیەکەی، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و باشکردن وپێشخستنی ژیانیان بە مەبەستی هاندانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین پەروەردە بۆنەوەکانی ئایندەیان کە درەوشانەوەی ژیاری وخۆشنوودی بەدیبێت.
ئەمەش بەهێزی سیستمی خوێندن لەو وڵاتەدا بەرز دەکاتەوە و سەیر نابێت کە پێشکەوتووترین وڵاتان لە ڕووی ئابووری و پەروەردەییەوە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدان کە بەرزترین مووچە بە مامۆستایان لە جیهاندا دەبەخشن.

لێرەدابەباشی دەزانم ڕیزبەندی ئەوووڵاتانە بخەمەڕوو وەک ماڵکپەڕی (anamusafer ) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەو ووڵاتانە زۆرترین مۆچە دەدەن بەمامۆستاکانیان، هەموومان دەزانین ژیان وسیستمی پەروەردە بۆچی لەوووڵاتانەدا ئەوەندە لەپێشەوەیە.

1-لۆکسمبۆرگ        97,808 دۆلاری ئەمریکی
2- سویسر           ا 68 هەزار و 849 دۆلاری ئەمریکی
3-ئەڵمانیا           64  هەزار و 289 دۆلاری ئەمریکی
4-هۆڵەندا          59,894    دۆلار
5-کەنەدا           56 هەزار و 422 دۆلاری ئەمریکی
6-کۆماری ئێرلەندا     54,954 دۆلاری ئەمریکی
7-دانیمارک        53 هەزار دۆلار
8-بەلجیکا           49 هەزار و 185 دۆلاری ئەمریکی
9-ئوسترالیا             48,937 دۆلار
10 -کۆریای باشوور         48 هەزار و 181 دۆلاری ئەمریکی
ئەم ڕێژەی موچانە لەو ووڵاتانەدا، ئەگەربۆهەر شوێنێک بەوڕێژەیەی دیاریکراوە دابەشی دوانزە مانگی بکەی بڕێکی زۆرە وکەسی موچەخۆرسەرەڕای ژیانێکی ئاسوودەوخۆشگوزەران دەتوانێت لە خەڵکی ترباشترژیان بەڕێبکات، بەڵام مامۆستای ئەم هەرێمە بەکام پێوەروبەچ تەرازوویەک بتوانێت، بەسێ مانگ موچەیەک وەربگرێت، هەربەشی پێداویستیە سەرەتاییەکانی بکات؟ خەڵک وحکومەتیش داوای پەروەردەیەکی باشی لێبکات، سەرەڕای ئەوهەمووگرفتانەی وەک بەردی خڕحیزبەکان خستویانەتە سەرڕێگەی پرۆسەی پەروەردە.
بەدڵنیایی دەروونی نائارام وشێواووشپرزە دەبێت، هەربۆیە لەئاکامی ئەم ووردبوونەوەیەوبەدواداچوون وهەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی مامۆستایان وبێباکی حکومەتی هەرێم، دەگەینە ئەو بڕوایەی سیستمی پەروەردەوئەوپرۆسەیە گیرۆدەی چەقبەستن ودواکەوتن ووێرانی بووە.

460 جار خوێندراوەتەوە