قەیرانی پەروەردەیی، قەیرانی ژیانە

دەکرێت  قەیران  بەگشتی  بناسێنین،  قەیران جۆرێکی دیاریکراوی کێشە یان بارودۆخێکە کە تاک، خێزان، گروپ، یان کۆمەڵگە بەرکەوتەی لەگەڵی دەبێت. کەواتە  قەیران  بریتییە  لە  دۆخێکی کێشەدار کە پێویستی بە کاردانەوە لەلایەن بەرکەوتوانی ئەو دۆخە هەیە، بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی  سەقامگیری خۆی، دیارە ئەویش  بە ئاسانی ناچێتەوە دۆخە ئاساییەکەی پێشوی تا نیازپاکی و خەم و دڵسۆزی و پلان نەبێت، کە بەو شێوەیە هاوسەنگی  بۆ دەگەڕێتەوە.

 

زۆر جار قەیرانەکان دەبنە مایەی چاککردن و جوانکردنی خراپییەکان، ئەگەر بە وردی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و چارەسەر بکرێن، لەبەر ئەوەیە ئەڵمانییەکان کردویانە بە پەند و دەڵێن: (تانە و توانج  لە قەیرانەکان مەدە، بەڵکو سوپاسیان بکە).

 

ماوەی 10 ساڵ زیاترە قەیران و ئاڵۆزیی کارگێڕی و دارایی و ئابوری یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتوە، ساڵ لە دوای ساڵ ئەو ئاریشانە گەورەتر دەبن و دەلاقەی پڕ مەترسی لەنێوان دەسەڵاتداران و خەڵکی هەرێمەکە  دروست  دەکەن. بەڵام ئەوەی بوەتە جێی سەرنجی رەخنەگرانەی من و کەسانی تریش، بونی دوڕیانێکی دوو ئاراستەیە، ئەوانێش ئەمانەن:

 

1-دەسەڵاتدارانی هەرێم پەروەردەیان لا گرنگ نییە و بەو شێوە خراپەی هەیە گەرەکیانە.

 

2-توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانیان نییە و نایانەوێت دان بە شکست و شێوازی خراپی بەڕێوەبردنەکەیاندا بنێن، پێیان شەرمە بڵێن گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی وەک کرم دارەکەی داڕزاندوە. تازە پاککردنەوە و چارەکردنی بوەتە ئەستەم.


لە وتارو بۆچونەکانی پێشومدا کە بڵاوم کردونەتەوە، زۆر لە گرفتەکانی بەردەم  پرۆسەی  پەروەردەم باسکردوە، ئەمجارە باسی قەیرانی پەروەردەیی دەکەم، قەیرانی پەروەردەیی ئەو گرفت و ئاستەنگانەن کە روبەڕوی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەمپەر دروست دەکەن.  ئەم گرفتانەش  چەند لایەنێک لەخۆ دەگرن لەوانە:

 

1- کوالیتی لە پەروەردەدا: نەبونی کوالیتی پەروەردەیی دروست،  یەکێکە لە گرنگترین ئاستەنگەکان کە روبەڕوی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە، چونکە ناتوانریت  پەروەردەیەکی ئاست بەرز و کوالیتی باش دابین بکرێت کە پێداویستییەکانی  پەروەردە بۆ قوتابیان وخوێندکاران و کۆمەڵگە  فەراهەم  بکات.

 

2- بەرپرسیارێتی  پەروەردەیی:  ئەمەش  رۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی دامەزراوەکانی پەروەردەدا دەگێڕێت،  چونکە بەرپرسیارێتی  پەروەردەیی  لە ئەستۆیەتی  ژینگەیەکی  فێربونی هاندەر دابین بکات،  رۆڵی  قوتابیان خوێندکاران  پەرە پێبدەن.

 

3- سەرچاوەکان و هۆکارەکان: هەبونی سەرچاوە و هۆکاری  پێویست بەشێکن  لە گرنگترین لە کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان کە روبەڕوی دامەزراوەکانی پەروەردە دەبنەوە، چونکە دەبێت ئامێر، هۆی فێرکردن و ژێرخانی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دابین بکرێن.

 

4- راهێنان و خولی  بەردەوام: نەبونی راهێنانی  بەردەوام ئاستەنگێکی ترە کە روبەڕوی بەرپرسانی پەروەردە دەبێتەوە، چونکە بەبێ راهێنان و خولە پەروەردەییەکان، ئاقار و ئاراستەی پەروەردە دەچێتە دۆلێکی نادیار، بۆیە بە هۆی ئەو راهینانانەوە، ئاگاداری پێشکەوتنەکانی بواری پەروەردە دەبین و توانا و کارامەییەکانی مامۆستایان  پەرە پێدەدرێت و دەگەیەنرێت بە قوتابیان و خوێندکاران لەو ڕێگەیەشەوە زوتر و نزیکتر گەیشتن بە ئامانجەکان دەبینرێت.

 

ئەو کێشانەی روبەڕوی پەروەردە دەبنەوە لە جیهانی سێیەم یان وڵاتانی دواکەوتو بریتین لە:

 

1-گەندەڵی: گەندەڵی یەکێکە لە گرنگترین کێشەکانی پەروەردە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، چونکە کاریگەریی لەسەر کوالیتی پەروەردە هەیە و دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵان سنوردار دەکات

 

2-نەبونی پلانی زانستی و کارپێنەکردنی توێژینەوە گرنگ و پڕ بایەخەکان

 

3--دیارینەکردنی بودجە و داهاتی پێویست بۆ سێکتەری پەروەردە

 

4-دەست خستنە ناو دامەزراوەکانی پەروەردەوە لە لایەنی سیاسی و کەسە دەسەڵاتدارەکانەوە

 

5-پشتگوێخستنی داوا و خواستی بژێوی و ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە

 

ون و دیارە کە قەیرانی پەروردەیی کاریگەریی زۆر لەسەر لایەنەکانی ژیان دەکات لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، وەک لایەنەکانی:

 

‌ أ- ئابوری:  رەنگڕێژی دیاریکردنی ئاستی  گەشەکردن و بنەمای خۆشگوزەرانی دیاریدەکات. کاتێک لایەنی ئابوری لە قەیرانەکەوە دەگلێت، ئەم دەرهاویشتانەی لێدەبینرێت:

 

1-کەمی هێزی مرۆیی: قەیرانی پەروەردەیی دەبێتە هۆی کەمی هێزی مرۆیی شایستە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابوری دەبێت.

 

2- کەمبونەوەی بەرهەمهێنان: قەیرانی پەروەردەیی دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەمهێنان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئابوری دەبێت.

 

زیادبونی تێچون: قەیرانی پەروەردەیی  دەبێتە هۆی زیادبونی تێچون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئابوری دەبێت.

 

ب- گەشەپێدانی زانستی: قەیرانی پەروەردەیی سەردەکێشیت بۆ خاوبوونەوە و لاوازی گەشەی زانستی لەناو کۆمەڵگەدا، بەردەوامی ئەم قەیرانە دواکەوتن و وەستان لە گەشەی زانستی بەدوادا دێت.

 

وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەنتۆنی رۆبنز)کۆتایی دێنم کە لەسەر چارەسەری کێشە و گرفت وتوێتی:( ژیان بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، یان  شکستت پێدەهێنن یان دەتکەنە کەسێکی گەورە، ئەوە خۆتی بڕیارئەدەیت).

195 جار خوێندراوەتەوە