یەکێتی مامۆستایان، لەنێوان پاشکۆیەتی وسەربەخۆییدا

مەبەست لە ڕێکخراوی پیشەیی ، کۆکردنەوەویەکخستنی تواناکان وبەگەڕخستنیانە، بە مەبەستی ئامانجی گەورەو دیاریکردنی ستراتیژێکی گونجاو بەڕێگەیەکی دیمۆکراسیانە، یان کۆکردنەوەی چەندکەسێک کە نزیکبن لە بیروڕا، یان توێژێک تا بتوانن ئامانجەکانیان دیاریبکەن و ببنە هێزێکی فشار بۆئەو ئامانجە دیاریکراوانەی مەبەستە بەدی بێن کە لەناو چوارچێوەیەکی پەیڕەویدا ئەرک وئامانجەکان دیاری دەکرێن. ئەو ڕێکخراوانە پێکهاتەی کۆمەڵگەن، شێوازو جۆرەکانیان بەپێی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان وکارکردنیان جیاوازە، ڕێکخراوی پیشەیی لە ووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکیتر، شێوازوپێکهاتەو پەیڕەوەکانیان، دەگۆڕێن، لەو ووڵاتانەی دیمۆکراسیەت و دادوەری هەنگاوی گەورەی بڕیوە، هەلومەرج ودۆخی ڕێکخواوەیی باشتر دەڕەخسێت وزووترئامانجەکانیان بەدیدێنن.

 

 

بەڵام لەکۆمەڵگە دواکەووتوەکان و وابەستەییەکان، هیچ لەوئامانجانە نەک هەر بەدینایەن، بگرە ئەو ڕێکخراوانە خۆیان دەبنە لەمپەری خۆیان، چونکە پەلی حیزب دەگرن بۆ ناوخۆیان، یان حیزبەکان دایان دەمەزرێنن، بەدڵی خۆیان هەیکەلی ڕێکخراوەکە دادەنێن، لەبەر ئەوەیە هیچ کات نابنە هێزی فشاربۆمەبەست وئامانجە دیاریکراوەکان، ئەوەی بۆتە خاڵی جیاکەرەوەی ئەو دوو جۆرە لەڕێکخراوەکان، لەو شوێن و پێگە و جوگرافیانەی دیمۆکراسیانە وشارستانیانە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوەکان دەکەن، چەند فاکتەرێکی بە‌هێزبوونیان هەیە لە گەیشتنی ئەوڕێکخراوانەی لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندان، کە لەم دوو خاڵەدا کورت دەکەمەوە:

 

 

١-سەربەخۆیی ئەوڕێکخراوانە، واتە لەژێرچەتری هیچ ئایدۆلۆژیەکدا نین، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیە کاردەکەن کە کۆیکردونەتەوە

 

 

٢-لەمپەروڕێگریەکانی بەردەم ئەو ڕێکخراوانە کەمن یان هەرنین، بەپێی یاسا ودەستور وا ڕێکخراوون، ببنە بەشێک لە هاوکاروپشتیوانی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، لە کۆمەلگە ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتی و لەم هەرێمەی خۆمان بەتایبەتتر، هەر بەناو شارستانیین، لەڕاستیدا، پاشکۆی حیزبەکانن، ئەم ڕاستیە بۆ هەموو ڕێکخراوەکان گونجاوەو پشتڕاست دەکرێتەوە.

 

 

ئەوەی مەبەستمە لێی بدوێم، ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، ئەم ڕێکخراوە، لە ١٥-٥-١٩٦٢ دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوە بەکۆمەڵێ دۆخ و هەلومەرجی سەختدا ڕۆیشتوە، ناکرێ ڕۆڵو بایەخوخزمەتەکانی ئەو مامۆستا، بەئەزموونانە فەرامۆشبکرین، کەلەسەرەتاکانەوە بێ هیچ مەبەستێکی خراپ و ئامانجی کەسیان ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەدا، بەڵام هەلومەرجی کوردستان و ئەودۆخە سیاسیەی تێیدابووە، کاروخزمەت وئامانجەکانی ئەو خەمخۆرانەی کارکەنارخستوەوئەوانیشی بێهیوا هێشتۆتەوە، لێرەوە، سەری ڕێزو وەفا بۆ ئەوەنە دادەنەوێنم، کە بەدڵسۆزانەو خەمخۆرانە، خواستیان خزمەتکردنی مامۆستایان و زمانی شیرینی کوردی بووە.

 

 

دوای (٦١) ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەبێ بەچاوی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لەو کەمتەرخەمیانەی بەرچاومان دەکەون ودیاریکردنی لایەنە باش وخراپەکان، هەست بە شێواوی وترازان و دوورکەوتنەوە لە ئامانج و بوون بە ژێرەوەی خزمەتەکان و لەدەستدانی سەربەخۆیی کارکردن و دابەشبوون و بوون بە پاشکۆی حیزبەکان ، لەئامانج وسەرەتاکانی خەونی دروستبوونەکەی دووریخستۆتەوە. تائێستا ئەو ڕێکخراوە، دوانزا کۆنگرەی بەستوە، بەهۆی دابەشبوونی کارگێڕی و بوون بە دوو زۆنی هەرێمی کوردستان، یەکێتی مامۆستایانیش، دابەش بوو، بۆ دوو زۆن، هەر کە هەرێمی کوردستان بەناو یەکیگرتەوە، ساڵی ٢٠٠٧ ئەم ڕێکخراوەش یەکیگرتەوە. یەکێتی مامۆستایان، پێویستە ببێتە هەوێنی دروستکردنی ئاراستەو فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ و مۆدێرن، دەبێ بپرسین، تاچەند بۆتە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە؟ ئایا ئەم ڕێکخراوە، تاچەند بۆتە هێزی فشار بۆ دەسەڵات، لەپێناو ئامانجاکانی توێژی مامۆستایان و باشترکردنی پەروەردە؟

 

دەبوایە یەکێتی مامۆستایان خەباتی بۆ دوورخستنەوەی ئایدۆلۆژیای تەسکی حیزب بکردایە لەناو پرۆسەی خوێندن، نەک خۆشی ببێتە بەشێک لەو ئەجێندا خراپە و پەروەردە وێران بکات. ساڵی ١٩٦٠ عەبدوڵا گۆرانی شاعیر، بۆ کۆنفرانسی دووەمی مامۆستایانی کورد، لەشەقڵاوا، بەجوانی خواستی مامۆستایان، دەخاتەڕوو، دەڵێ: مامۆستایان ئەیانەوێ ھەتاوی کورد زوو دەرکەوێ ڕێی بیر بۆ مێشکمان خۆش کەن زمانمان بە کوردی گۆش کەن ئێمەیش شوێن کەوتووی کاروانین هەم خانەخوێین، هەم میوانین. لەم ڕۆژانەدا، حیزبەکان نوێنەری خۆیان لەناوحیزبەکانیان دیاریکردوە، بەمەبەستی خۆخزاندنە ناو مامۆستایان، تا دەستبخەنە ناوهەڵبژاردنی ئەو ڕێکخراوەوە، بەمەبەستی ئەوەی زۆرترین نوێنەری خۆیان دابنێن، جا ڕێکخراوێک بەمجۆرە کاری لەسەر بکرێت وبکرێتە بارەگای حیزبەکان، کام ئومێدوهیوای لەسەر هەڵدەچنرێت بۆپرۆسەی پەروەردەو توێژی مامۆستایان؟ بۆدڵنیابوون لە باشکردن وڕاستکردنەوەی ڕەوتی کارو ئەرکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەوەی گرنگە بکرێت، دوورخستنەوەی دەستی حیزبەکانە لەو ڕێکخراوەو بەپیشەیی بوونیەتی، نەک پشکپشکێنەی لایەنەکان.

223 جار خوێندراوەتەوە