ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌

له‌ئێستادا پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، له‌م هه‌رێمه‌ی‌ له‌مه‌ڕ خۆمان،  ئه‌و سێكته‌ره‌یه‌ كه‌ وه‌ك  لایه‌نێكی‌ گرنگی‌  ژیانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، نه‌ك هه‌ر نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر  نه‌خشه‌ی‌  ئاراسته‌ كردنێكی‌  زانستی‌ و هاوچه‌رخ، به‌ڵكو  په‌راوێزخستن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ شێوازی‌ نادروست خه‌ریكه‌، به‌رو تونێلێكی‌  تاریكی‌ ده‌بات، له‌و تاریكستانه‌شدا جگه‌ له‌ ون بون و بزركردنی‌  ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌و ئاكامی‌ خراپ، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ هیچی‌ تر به‌دیناكرێت.
ئه‌وه‌ی‌ من پێی‌ گه‌یشتوم، له‌ئه‌نجامی‌  خوێندنه‌وه‌و كاركردنم به‌پڕاكنیكی‌ له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا، هه‌ست ئه‌كه‌م ئه‌وه‌ی‌ پێویست و گرنگه‌ بۆ ئه‌م بواره‌، هه‌نگاوه‌كان وه‌ك پێویست نه‌نراون ، ته‌نانه‌ت  ڕێگریه‌كان  له‌ هه‌وڵه‌كان  زۆرترو كاریگه‌رترن، له‌م كاته‌دا كه‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌سپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندنه‌، ده‌بوایه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارو به‌رپرسه‌كانی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌، به‌رنامه‌و هه‌نگاوی‌ له‌پێشینه‌ بنێن، یان  ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ی‌  له‌ ساڵانی‌ پێشودا، بینراون و كاریگه‌ری‌ خراپیان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌، هه‌بوه‌، به‌شێكیان چاره‌سه‌ر بكرانایه‌، به‌ڵام به‌ نیگه‌رانیه‌كی‌  زۆره‌وه‌، جیاوازی‌ چینایه‌تی‌  له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا، دیاره‌ و به‌زه‌قی‌ به‌دیده‌كرێت، مناڵی‌ هه‌ژار كوا وه‌ك مناڵانی‌  خوا پێداو، ئه‌توانن ئه‌وه‌ی‌  ئه‌یانه‌وێ‌  بۆیان بكرێت؟ هه‌ر له‌ دابینكردنی‌ پێداویستی‌ خوێندن و جل و به‌رگ، مه‌لزه‌مه‌و كڕینی‌ ئه‌و كتێبانه‌ی‌ كه‌من و  به‌شی‌ ژماره‌ی‌ قوتابیان ناكات، تا ده‌گاته‌ به‌كرێگرتنی‌ مامۆستای‌ تایبه‌ت، بۆئه‌و وانانه‌ی‌ پێویستیان پێیه‌تی‌،  ئیتر وه‌زاره‌تێك نه‌توانێ‌  ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، چۆن بڕوا به‌خۆمان و ئه‌وانیتر بێنین، كه‌ سه‌ركه‌وتن، تاكه‌ ئومێدی‌ هه‌موانه‌؟

 (ڕۆبێرت مۆگابی‌) له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: (ئێمه‌ ناتوانین، بڕوابه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌  بێنین، كه‌ په‌روه‌رده‌ كلیلی‌ سه‌ركه‌وتنه‌، تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ده‌رچوی‌ هه‌ژارو دزی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وره‌ درابین).

هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ خه‌مێكی‌ گه‌وره‌، داگیری‌ كردون، مه‌به‌ست و مه‌رامی‌ كه‌سی‌ و خواستی‌ تایبه‌تیان نیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌  ئامانجیانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌و بۆته‌ خراپه‌ی‌ بۆی‌ دانراوه‌، بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و بگۆڕدرێت، بۆ باشتر، واته‌ گۆڕانكاری‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ بكرێته‌ كه‌لتورو ڕه‌نگبداته‌وه‌، له‌سه‌ر ژیانی‌  تاك و كۆمه‌ڵ، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئامانجه‌ وته‌یه‌كی‌ ( ئیبراهیم ئه‌لبولاحی‌) ده‌هێنمه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت: (گشتاندنی‌ په‌روه‌رده‌، كاریگه‌ر نابێت، تاگۆڕانكارییه‌كی‌ كه‌لتوری‌ ڕیشه‌یی‌، به‌ده‌ست نه‌هێنرێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌، سیسته‌می‌ به‌هاكان، ده‌ستكاری‌ بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خه‌ڵك بگۆڕێت).

له‌كاتێكدا، حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌، به‌ به‌رنامه‌و پلانی‌ زانستی‌ كار بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ رون و گه‌شی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ بكات، به‌ڵام ساڵانه‌، چه‌ند بڕیارێك و فه‌رمانێك دەر‌ده‌كات، بۆ گشتاندن و جێبه‌جێكردنی‌ له‌ناو په‌روه‌رده‌كان و قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌  باش و خراپه‌كان شه‌ن و كه‌و كرابن، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، بیانه‌وێ‌، به‌ مامۆستایان بڵێن، ئاگامان له‌ پرۆسه‌كه‌یه‌.

من وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ به‌گشتی‌ ده‌كه‌م، ئه‌م خاڵانه‌ به‌هه‌نگاوێك ده‌بینم، بۆچاره‌سه‌ركردن و ئاوڕی‌ خێرا، تا كه‌مێك له‌و گرفتانه‌ نه‌مێنن و تا ڕاده‌یه‌ك ئارامی‌ بخرێته‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن:

١-  سەبارەت بە کاتی وانەکان، بۆ ئەم هەلومەرجە خراپەی جۆری بینای قوتابخانە، کە هەرفۆرمە کۆنەکەیە، واتە ژوری زۆربەی پۆلی خوێندن، یان گونجاو نین، یان ژمارەی قوتابی زۆری تێدایە، وانەکان بکرێنە (٣٥)خولەک

٢-  واباشە پشوی نێوان وانەکان، لە (٥بۆ ١٠) خولەک تێنەپەڕێت، چونکە لەزۆربەی قوتابخانەکان، هیچ هۆکارێک نیە، مناڵان دڵخۆش بکات، لە گۆڕەپانی باش و باخچە و شوێنی یاری و خواردنی دروست

٣-  ئەگەر وانەکان (٣٥) خولەک بن، وانەی شەشەمیش بخوێنرێت ئاساییە

٤- پێویستە بە بڕیار داوالە کارگێڕی قوتابخانەوخوێندنگەکان بکرێت، وانەکان وا ڕێکبخرێن، کاریگەری خراپ لەسەر دەرونی مناڵ دروست نەکەن، بە نمونە، با وانەکانی وەرزش یان هونەرو موزیک، بخرێنە ناوەندی وانەکان تاوزەو حەزو چالاکی و ئارەزوی زیاتر بدرێتە مناڵان، نەک بخرێنە وانەی یەکەم و کۆتایی

٥- پێویستە هەمو مامۆستاکان لەبوارو پسپۆڕی خۆیان خولیان بۆ بکرێتەوەو ئاگاداری نوێبونەوەی زانست و زانیاری بن

٦-  ئەوانەی وانەی خولەکان دەڵێنەوە، ناکرێ هەر وەک جاران چەند کەسێکبن، کە ئاستی زانستیان بەرز نەبێت، با کەسانێک بن قاڵبوی پروسەکە بن و ئەوانیش ڕاهێنرابن، لە ئاستی باڵادا

٧- چاوبخشێنرێتەوە بە گۆڕانکاری پڕۆگرامەکانی خوێندن، بە چەند لیژنەیەکی شارەزاو پسپۆڕ بسپێرێن، نەک تەنها قۆرخ بکرێن، بۆ ئەوانەی مەبەست بن

٨- پڕۆژەی پریتش کانسڵ پێداچونەوەی بۆ بکرێت، خاڵە لاوازو نەگونجاوەکانی بۆ هەرێم، لاببرین، ڕاستە ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ١٩٣٤ لە بەریتانیا دامەزرا، بەڵام ژینگەی ئێرەو ئەوێ جیاوازن

٩-  با بە فەرمانێکی وەزارەتی پەروەردە، هەمو قوتابخانەو خوێندنگەکان هەڵبژاردن، بۆ باشترین و لێهاتوترین کادری پەروەردەیی بکەن و بەدەنگی زۆرینە، بەڕێوەبەر، بۆ کاتێکی دیاریکراو هەڵبژێردرێت، نەک تا مردن هەر خۆی بێت

١٠-  یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆڕی بگۆڕدرێ، بۆ باشترین پڕۆژەی ساڵانە لەبواری پەروەردە، نەک بچێتە قوتابخانە بۆ بینینی وانەی مامۆستا کەئەوە ئیشی پەو نیە

١١-  لیژنەکانی قوتابخانە کارا بکرێن و کاری تەواویان پێبدرێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ، تا لەو ڕێگەیەوە،قوتابخانەکان ئاستیان گەشە بکات، کە کاری هەماهەنگیە

١٢- میلاکاتی قوتابخانەکان ڕێکبخرێنەوە، بەگوێرەی پێویست مامۆستا بۆ ئەو شوێنانە دابنرێت، کە پێویستە، نەک وەرەقەی ئەمو ئەو

١٣-  تەرخانکردنی بودجەیەکی باش بۆ هەرقوتابخانەو خوێندنگەیەک کە بەلیژنەو بەپێی پێویستی خەرج بکرێت

١٤- ئەوەی ئێستا لەناو قوتابخانەکاندا دەکرێت، لە هەڵسەنگاندنی خودو قوتابی و کەسوکاریان، شڵەژاوی پێوەدیارە ئامانج بەدیناهێنێت لابردنی باشترە

به‌هیوام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانە‌ بكه‌ن و بیكه‌نه‌ كاری‌ له‌پێشینه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن، بۆ ئه‌مساڵی‌ خوێندن.


255 جار خوێندراوەتەوە