خه‌مساردی‌ هێزه‌ كوردیه‌كان، له‌پێشهات و ڕوداوه‌كان

نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، له‌مێژووی‌ دوورو نزیكدا به‌شداری‌ كردووه‌، له‌و هه‌موو ئه‌و ڕووداوه‌ مێژووییانه‌ی‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ڕوویانداوه‌، به‌لاَم به‌شداریكردنه‌كه‌ی‌ وه‌ك هۆكارو كارلێكراو له‌سه‌رخۆی‌ بووه‌، له‌كۆتاییدا، نه‌یتوانیوه‌، هیچ له‌و ڕووداوانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ بهێڵێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌:

1-ناته‌بایی‌ و ناكۆكی‌ له‌نیوان هێزه‌كانی‌ خۆیدا

2- نه‌بوونی‌ عه‌قڵ و ستراتیژێكی‌ ڕوون،ئه‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌ به‌ناوی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌، ته‌نها به‌ وتاربووه‌، نه‌ك گوفتار

3- سه‌ركرده‌و ڕابه‌رانی‌ ئه‌و جولاَنه‌وه‌و شۆڕشانه‌، توانای‌ ڕایی‌ كردنی‌ ڕایه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندیه‌كان و دیاریكردنی‌ بازنه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌،  وه‌ك پێویست نه‌بوون، واته‌ به‌عه‌قڵێكی‌ داخراوی‌ هۆزایه‌تی‌ و تیره‌گه‌ری‌ و ناوچه‌گه‌رێتی‌ كاریانكردووه‌، له‌وكاته‌شدا كاركردن و پلان، بچووك ئه‌بێته‌وه‌، له‌ نه‌ته‌وه‌ بۆ خێل، بێگومان بیری‌ بچووك، شتی‌ بچووك بونیات ده‌نێ‌، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌باشور ده‌گوزه‌رێ‌، ئه‌و خه‌ونه‌ بچوكه‌یه‌، كه‌وتۆته‌ حزمه‌تی‌ هۆزو تیره‌و بنه‌ماڵه‌كان.

4- دابه‌شبوونی‌ هێزه‌كان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی‌ كوردستان، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ململانێ‌ ی‌ ئه‌و هێزانه‌، كه‌ ته‌نها بۆ مانه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌ویتر، خۆیان خستۆته‌ باوه‌شی‌ نه‌یارێكی‌ گورده‌وه‌، ئه‌وانیش بۆدژایه‌تیكردنی‌ كوردو قووڵبوونه‌وه‌ی‌ ململانێكان كاریانكردووه‌و ئامانجه‌كانی‌ خۆیان به‌دیهێناوه‌، و خه‌ونه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌باربردووه‌، نمونه‌ش له‌به‌رچاوو دیاره‌، له‌مێژووی‌ ئه‌م حه‌فتاساڵه‌ی‌ خه‌باتی‌ به‌ناو نه‌ته‌وایه‌تی‌ گه‌لی‌ كوردستان، له‌ باشور، هه‌ردوو هێزی‌ (مه‌لایی‌ و جه‌لالی‌)، له‌ڕژهه‌لاَتیش هه‌ردوو هێزی‌(كۆمه‌ڵه‌و دیمۆكرات)، بزانن كێشه‌ی‌ ئه‌و پارچانه‌یان به‌كوێ‌ گه‌یاندووه‌؟ چۆن بوونه‌ به‌شێك له‌ هێزی‌ پشتیوانی‌ داگیركه‌ران و ململانێی‌ ناوخۆیی‌؟

5- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌هۆی‌ چه‌شتنی‌ ئازارو چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ زۆر له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی‌ كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، پشتیوان و شتگیری‌ ته‌واوی‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌و جولاَنه‌وه‌یه‌كی‌ كوردستانیان كردوه‌ و بگره‌ قوربانیدانه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ بووه‌، له‌ سوتاندنی‌ ماڵ و وێرانكاری‌ و جینۆساید( كوشتنی‌ به‌كۆمه‌ڵ، به‌ كیمیاباران و ئه‌نفال و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ تر).

6- له‌كاتی‌ ڕوودانی‌ پێشهاته‌ گرنگه‌كانی‌ ناوچه‌ییش، ئه‌و هێزانه‌ توانیوبانه‌ ده‌رك و هه‌ست به‌ بوونی‌ ڕووداوو گۆڕانكاری‌ بكه‌ن، ئاماده‌كاریشیان بۆئه‌نجامداوه‌، وه‌ك نه‌خشه‌كێشانی‌ ڕاپه‌ڕین، له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌وسای‌ (ی‌ ن ك) به‌ڵام نه‌توانرا، ئه‌و پلانه‌ ته‌واو بكرێت، ڕۆژێكی‌ سه‌خت و دژواری‌ بۆ خه‌ڵك به‌دیهێنا، له‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆو هێنانی‌ سوپای‌ داگیركه‌رانی‌ كوردستان، بۆ وه‌ده‌رنانی‌ هێزه‌ كانی‌ ڕكابه‌ریان.

7- هیچ كاتێك كه‌سمان نه‌یبینیوه‌، كه‌ ڕووداوه‌كان تێپه‌ڕ ده‌بن و ده‌بنه‌ مێژوو، ئه‌و سه‌ركرده‌و به‌رپرسانه‌، به‌رپرسیارێتی‌ شكست و دۆڕاندن و هه‌ڵه‌كان، بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ خۆیان و داوای‌ لێبوردن له‌ خه‌ڵك بكه‌ن، بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵه‌كان و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌یان، به‌ڕای‌ من ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی‌ به‌رده‌وام هه‌ڵه‌كان چه‌ند باره‌ ده‌بنه‌وه‌.

8- ڕه‌فتاری‌ زه‌ق و ناشیرینی‌ عه‌قڵی‌ خێڵگه‌را و عه‌شیره‌تی‌ سه‌ركرده‌كان كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ بیرو باوه‌ڕیانه‌، زۆر جار خوالێخۆش بوو(مام جه‌لال) ئه‌یوت من كۆیه‌تی‌ و خۆیه‌تی‌ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر به‌ شێوازی‌ گاڵته‌ئامێزیش بووبێت، ئه‌م وته‌یه‌ دیاره‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، یان (به‌ڕێز(مه‌سعود بارزانی‌) له‌ كاتی‌ هێنانه‌وه‌ی‌ ڕوفاتی‌ بارزانیه‌كان، ده‌گری‌ و فرمێسكه‌كان ده‌سڕێت، بۆچی‌ بۆ ئه‌نفالی‌ گه‌رمیانیه‌كان و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌، ئاماده‌ی‌ به‌شداری‌ مه‌راسیمه‌كه‌ش نابێت؟

9- زۆرجار سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان، بڕیاری‌ تاك لایه‌نه‌ ده‌ده‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پرس و ڕا به‌ كه‌سانی‌ دڵسۆزو خه‌مخۆر و دۆستانی‌ كورد، كه‌ بڕیاره‌كه‌ش درا، زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی‌، وه‌ك ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كه‌ له‌ 25/9/2017 به‌بڕیاری‌ مه‌سعود بارزانی‌ و پشتیوانی‌ زۆربه‌ی‌ هێزه‌كان ئه‌نجامدرا، بەڵام هه‌ر دوای‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ خودی‌ بارزانی‌ داوای‌ له‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ كرد، ده‌رگای‌ حیوار دانه‌خات، ئاماده‌ی‌ ڕێكه‌وتنن، دوای‌ ئه‌وه‌ بارزانی‌ به‌ فشاری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وازی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ هێنا كه‌ (سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كوردستان) بوو دایه‌ ده‌ستی‌ برازاكه‌ی‌(نێچیروان بارزانی‌)، هه‌موومان ئامانج م ئاكامی‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌مان بینی‌، كه‌ نیوه‌ی‌ خاكی‌ كوردستان درایه‌وه‌ به‌ ناوه‌ندو هێڵی‌ په‌یوه‌ندی‌ دیبلۆماسی‌ كورد زۆربه‌ی‌ پچڕاو باشوری‌ كوردستان، پاشان هه‌رخۆیان وتیان ڕیفراندۆمه‌كه‌مان سڕكردووه‌، دیاره‌ ئه‌ویش به‌ فشاری‌ ناوه‌ند و ده‌وڵه‌تانی‌ تر بوو. ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌و كاره‌ بێ‌ پلانه‌ زۆر هاته‌ دوواوه‌، سه‌مه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، حیزبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ و میدیاكانی‌ وه‌ها خه‌ڵك ئاراسته‌ ده‌كه‌ن، گوایه‌، ئه‌م ڕیفراندۆمه‌، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ هه‌ڵگیراوه‌، كه‌ی‌ پێویست بوو ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر مێزه‌كه‌، له‌بنه‌ڕتدا ئه‌وه‌ی‌ ئێستا بانگه‌شه‌ی‌ بۆده‌كه‌ن، ناڕاست و نابه‌جێیه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌كه‌ و وه‌ك خۆی‌ به‌ئاماژه‌ی‌ په‌نجه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ وتی‌(ئه‌وه‌نده‌ حساب بۆیه‌ك به‌شه‌ر ناكه‌م) دوای‌ ئه‌م هه‌موو ناڕێكی‌ و ناهاوسه‌نگی‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌، بارزانی‌ لای‌ من و هه‌زاران كه‌س رێز لێگراوتر ده‌بوو بیوتایه‌، هه‌ڵه‌م كرد، نه‌ك هه‌موو ساڵێك بڵێ‌ شانازیيه‌.

437 جار خوێندراوەتەوە