(ئەوەی لە گورگ بترسێت ناچێتە ناو دارستان، ئەوەی لە زەرەر بترسێت قومار ناکات - فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی)
ئەو دۆخە ناسەقامگیرییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، ئاکام و ئەنجامی خراپی شێوازی حوکمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارە فیودال و خێڵگەراکانی ئەم هەرێمەیە، ئەگەر سەیرێکی گۆڕانکاریەکانی ئەو سەردەمە بکەین لە ناوچەکەدا و بەراوردی بکەین بە مێژووی ئەو کاتەی ڕاپەڕینەی کە لە باشوری کوردستان ڕوویدا، کە بەهاری 1991 بوو، هەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرو دژ بە کوردەکە ئەکەین بە نمونەی بەراوردکاری، من ناڵێم با وەک ئەوان بین، چونکە ئەوان پاشخانێکی گەورەتریان لە حوکمڕانی هەیە، بەڵام ئەبێ سەیری هەلومەرج و دەرفەت و کات بکەین، کاتێ ڕژێمی پاشایەتی لە ئێرانی دراوسێ دەڕوخێت و شۆڕشی ئیسلامی دێتە جێی، ساڵی 1979 بوو، ئەو ووڵاتە لە سفرەوە بنیاتنرایەوە، هەر ساڵێک دوای ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر ئەو ووڵاتەداهات جەنگێکی گەورەی هەشت ساڵەی توشهات لەگەڵ سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەو کاتی ئێراق، ئاگری ئەو جەنگە هەردوو ووڵاتی کرد بەدۆزەخێکی گەورە و زیاد لە یەک ملێۆن مرۆڤ تیایدا سوتان، ئەم هەرێمە تەنها دوانزە ساڵ دوای ئەوان واتە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینمان کرد و ساڵێک دواتر پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دامەزران، کە پشتیوانی نێودەڵەتی و هاوکاری و یاسای پارێزبەندی لەم هەرێمە بەتەواوی لەلایەن هاوپەیمانان بەرقەرار بوو، بزانن ئێمە بە تەنها سێ شاری بچووک بەرەو کوێ چووین و ئێرانیش سەرەڕای ئەو هەموو فشارە ئابووری و سیاسییەی لەسەریەتی لە کوێیە؟ ئەوان ئیمپڕاتۆریەکیان بۆ فارس و شیعە دامەزراندووە، کە جگە لە ووڵاتەکەی خۆیان دەسەڵاتیان فراوان کردووە بەسەر زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، بزانن ئێمە دەستکەوتمان چیبوو؟ .
با نمونەی دووەممان ئێراق بێت کە سەرکردە کوردەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە دروستکردنەوەی، لەدوای ٢٠٠٣ بزانن ئەوان لەکوێن و ئێمە لە کوێین؟ ئەوان ڕاستە بەهۆی دەستوەردانی ناوچەیی و شەڕی مەزهەبی نەیانتوانیوە ببنە دەوڵەتێکی باش بەڵام توانیویانە لەڕووی کارگێڕی و یاسایی و ئابووری، دامەزراوەکانی تر لە ئێمە باشتربن، ئێمە هەرچاومان لە دەستی ئەوانە ئاوڕمان لێبدەنەوە و موچە و بودجەمان بۆ بنێرێت، کە پێشتر ئێمە بڕیاری ئابوری سەربەخۆماندا و ئەوانمان بە موفلیس ناوزەد دەکرد، ئەمانەی دەیڵێم پاساو نین بۆ دوژمنان و ناحەزانی کورد، تەنها هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنە، تا پێگەی خۆمان بزانین.
سەبارەت بە تورکەکانیش هەموومان دەزانین لە سەردەمی نەوەدەکان و کاتی ڕاپەڕینی باشوورئەوان ئابووریان هێندە لاواز و لەرزۆک بوو کەس ئاواتی بە هەژاریان نەدەخواست.
بزانن ئەوان ئێستا چۆنن؟ گەورەترین هێزی ناوچەکەن و حوکمی زۆر شوێنی تر دەکەن و خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن لە بەرژەوەندی خۆیان، ئێمەش بووین بە داردەستیان و چۆنیان بوێ وایان بۆ دەکەین.
لاوازی کورد لەباشور بۆ چەند خاڵێک دەگێڕمەوە، کە ئەمامەن:
١-گوێنەدان بە بەرژەوەندی باڵا و ئامانجە نەتەوەییەکان
٢-کارکردن بە پێودانگی عەقڵی خێڵ و هۆز و تیرە
٣-گەورەتر بینینی حیزب لە حکومەت
٤-لێنەپرسینەوە و گوێنەدان لە بەرپرسانی حیزبی
٥-نەبوونی هزری دیموکراسیانە و یەکتر قبووڵکردن
٦-دانەنانی کەسانی شیاو لە شوێنی شایستە
٧-بایەخدان بە کۆکردنەوەی سامان بۆ حیزب
٨-نەبوونی پلانی حوکمڕانی باش
٩-تەسلیم بوون بە داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەت هێزە ناوچەییەکان
١٠-بوونی هێزی حیزبی و ملیشیای کەسی
١١-گوێنەگرتن لە دۆستان و خەمخۆرانی نیشتمان
١٢-بەسەرمایەدار کردنی سەدان کەسی حیزبی، ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان شار و ووڵاتیان پاوان کردووە بۆ خۆیان
١٣-زۆری و هەمەچەشنەیی هێزی چەکرار و بوونی زۆری گەندەڵی و ناڕوونی
١٤-بەدامەزراوە یی نەکردنی سیستمی بانکی، بە هۆکاری جیاواز بەتایبەت نەبوونی ڕوونی و شەفافی لە داهاتەکاندا
١٥-جیاوازی چینایەتی و بەرز بوونەوەی ئاستی هەژاری و بێکاری
١٦-بێبەشکردن و خواردنی مافی موچەخۆران و مامۆستایان
١٧-گوێنەگرتن و وەڵامنەدانەوەی ناڕەزایەتیەکان و سوکایەتی کردن پێیان
١٨-لەم ووڵاتەدا ئەگەر حیزبی و سەر بەخۆیان نەبی، کارت بۆ ناکرێت
١٩-دە ساڵە جگە لەو کەسانەی خۆیان مەبەستانە، کەس دانەمەزراوە
٢٠-بێخەمی و بێباکی و بێمنەتی لەخەڵک
ئەمانەم بۆیە کورتکردەوە و بە خاڵ نوسیومن، تا درێژە بە نوسینەکەم نەدەم، چونکە بۆ هەر خاڵێک لەوانە دەهێنێ کتێبێک بنوسرێت.
ئەوەی گیانی وورەبەرزی و خۆشەویستی نیشتمان و گەلی لای هاوڵاتیان دابەزاندووە، ئەم هۆکارانەن نەک خراپی خەڵک. دڵنیام ئەگەر لاوازی ئێوەی دەسەڵاتداران نەبوایە بیر وڕای خەڵک و دۆخی ژیانیان ئێستا جۆرێکیتر دەبوو، نەک ئەو کولەمەرگیەی ئێستا بەدەستی ئێوەی دەسەڵاتداری هیچ نەزان و مشەخۆرەوە تووشی هاتوون.
272 جار خوێندراوەتەوە