سێ یاسای لێبوردنی گشتی لە ماوەی 10 ساڵ دا، چاکسازبوونی تاوانباران بوو یان تێکدانی کۆمەڵگا ؟

لێبوردنی گشتی بەیاسایەک دەگوترێت کە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان دەردەکرێت بەگوێرەی یاساکە حوکم دراوان و دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە پێش بەرواری دەرچوونی یاساکە لەسەر تاوانە جیاجیاکان لێخۆشبونیان بۆ دەردەکرێت و ئازاد دەکرێن و کەیسەکان دادەخرێن جگە لەو تاوانانەی کە بەپێی یاساکە بەدەر دەکرێن .

 

ئامانج لە دەرچوونی لێبوردنی گشتی چی یە ؟

وەک لە ئامانجی یاساکانی لێبوردنی گشتی دا هاتووە بەمەبەستی شیاندنەوەی سزادراوان و دووبارە پێدانەوەی هەلێک بۆ چاکبوون ڕێگای چونە ناوکۆمەڵگە چونکە ئامانج لە سزا چاکسازییە ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەک یان لە چاکسازی بەسەربردووە ئەمە لە هەرسێ یاسای لێبوردنی گشتی سالەکانی 2007 و 2012 و 2017 دا هاتووە ئایا لێبوردنی گشتی هەموو تاوانێک دەگرێتەوە ؟

 

ڕاستە ناوی یاسای لێبوردنی گشتی یە بەڵام لەهەموو یاساکان دا کۆمەڵێک تاوان و ماددەی یاسایی “ إستثنا " دەکرێت بەهۆی قورسی و ترسناکی یان بۆ کۆمەڵگا وەک نموونە “ تاوانی دژی بیانییەکان ، زینای محرم ، بەرتیل و دزینی سامانی گشتی ، بازرگانی دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو ، دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەدانی منداڵ ،بازرگانی بە مرۆڤ …. هتد “ کە لە ماددەی “ 9 “ لە یاسای ژمارە “ 4 ساڵی 2017 دا هاتوون “ چارەنوسی حوکم دراوان بەسزای لەسێدارەدان چۆنە ؟

 

بەپێی هەردوو یاسای ساڵی “ 2007 و ساڵی 2012 “ ئەو کەسانەی سزای لە سێدارەدانیان هەبوو گەر لێخۆشبون و ئاشتەوایی هەبوو بۆی لە لایەن کەس و کاری کوژراوەکە “ سکالاکاران بە مافی مدنی “ سزاکەی لە سێدارەدان کەمدەکرێتەوە بۆ زیندانی هەتا هەتایی کە سزاکە بەوجۆرەش گونجاو بوو لە چاو ترسناکی تاوانی کوشتن دا بەڵام لە یاسای ساڵی 2017 ماددەی / یەکەم دا گەر ئاشتەوایی هەبوو سزاکە لە سێدارەدان کەمدەکرێتەوە بۆ بەندکردنی کاتی بە “ 15 “ساڵ کە ئەم کەمکردنەوەیە یەکجار زۆرە لە چاو هەردوو یاسای پێش خۆی . یاسای لێبوردنی گشتی و ماددە هۆشبەرەکان سەبارەت بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر “ کێشان “ لێبوردنی گشتی دەیگرتنەوە لە هەر سێ یاسای باسمان کرد بەڵام بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە هەردوو یاسای “ 2007 و 2012 " دا لێبوردنی گشتی نەیدەگرتنەوە بەڵام دیسان لە یاسای ساڵی 2017 دا بازرگانی ماددەی هۆشبەر یاساکە گرتیەوە بەڵام بە ڕێژەی % 20 لە سزاکەیان خۆش بوون بەپێی ماددە هەشتەمی یاساکە “

دەبێت بپرسین ئایا لێبوردنی گشتی ئامانجەکانی بەدیهات لە چاکسازبوونی تاوانباران لە گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا ؟

 

بە داخەوە نەخێر ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەر پێنج ساڵ جارێک دا لێبوردنێکی گشتی دەرکراوە و وەک عورفێکی لێ هاتووە وئەنجامەکانیشی دەرکەوتووە کە نەبۆتە چارەسەر بۆ تاوانباران و چاکسازی یان بەڵکو بگرە بۆتە نەمانی “ردع “ کۆمەڵگا بۆ یاساکان و تێکچوونی ئارامی کۆمەڵایەتی و زۆربوونی ڕێژەی تاوان چونکە ئەو مبدئە چەسپاوە کە “ تاوان بکە و سوڵح بکە لێبوردنی گشتی دەردەچێت و ئازاد ببە “ لە ئێستاش دا دەنگی ئەوە هەیە لێبوردنێکی تر لەم خولەی پەرلەمانەوە دەربکرێت لەهەمووی ترسناک تر ئەوەیە بەشێک سزادراوانی لە سێدارەدان بگرێتەوە بێ ئەوەی ئاشتەوایی یان هەبێت کەئەمە زەنگێکی مەترسی دارە و ئەوەندەی تر کۆمەڵگا بەرەو پشێوی و نا هەمواری دەبات و یاساکان بێ ئەمەک دەکات و مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و کەس و کاریان دروست دەکات لە کۆتایی دا ئەوەی بەراوردمان کرد لە نێوان هەرسێ یاساکە دا دەرکەوت ئەو هەموو لێبوردنە و فراوان کردنی مەودای گرتنەوەی تاوانەکان بە لێبوردنی گشتی لە یاسای 2017 داو لەگەڵ فراوان کردنەکەدا حاڵی کۆمەلگا دەبینین رادەی زیادبوونی کوشتن و مخدرات و تاوانە اخلاقیەکان دەبینین بۆیە لێبوردنێکی دیکە هیچ بە پێویست نازانم و پێم وایە لەبری چارەسەر خوێ دەکات بە برینەکانی کۆمەلگا و کەس و کاری تاوان لێکراوان دا

563 جار خوێندراوەتەوە