ژەهرخوارد کردن !

“ ژەهر یان موادی سامە و کوژەر “ بریتییە لە پێکهاتەو گیراوەی زیانبەخش و دژە ژیان کە هەندێکیان بە سروشتی و بێدەستکاری لەسروشت دا هەن وەک “ الزئبق “ یان موادی کیمیایی و ئاوێتە کراون وەک “ سیانید “ و “ سم،  البوتولينيوم  “ و “ زەرنیخ “  و چەندانی تر ، کە هەندێکیان وەک سیانید لە ماوەی چەند چرکەیەک دا کەسەکە دەکوژێت یان زەرنیخ کە بەپێی ئامارەکان تا ئێستا نزیک بە 100 ملیۆن کەس لە جیهان دا بەرکەوتوون بەو ماددەیە . 


کە هەندێک ژەهری تایبەت یان موادی پزیشکی ترسناک تیای دا بەکاردێت کە ڕەنگە بەکارهێنان و کوشتنی تاوانلێکراو حەتمی و خێرا بێت یان بەپێی تێپەڕبوونی کات کاری خۆی بکات و ببێتە هۆی مردنێکی هێواش و وردە وردە وێران و ماندووکردنی ئەندامەکانی جەستەی تاوانلێکراو بەتایبەت گەر بە ژەهراویبوونەکەی نەزانیبێت .


یاسا چۆن باسی دەکات ؟
یاسای سزادنی عێراقی بە بەش و ماددەیەکی سەربەخۆ باسی نەکردووە بەڵام لە چەند ماددەیەک بەشێوەی بڕگە هاتووە وەک ماددەی 406 / بڕگەی 1/ب  باسی کوشتن دەکات بە ڕێگای ژەهر کە بەکوشتنێکی ترسناکی داناوە و بە بارودۆخی توندکەر “ ضرف مشدد “ دایناوە و سزای بکەری تاوانی کوشتن لە زیندانی هەتاهەتایی دەکات بە سزای لە سێدارەدان .


* ئەگەر تاوانلێکراو بە ژەهرەکە نەمرد سزای تۆمەتبار چیە ؟
لێرەدا دەبێت جیاوازی بکەین ئایا تۆمەتبار قصدی کوشتنی هەبووە ؟ یان تەنها مەبەستی نەخۆش و دەردەدارکردنی تاوانلێکراو بووە ؟ یان تەنها ئازاردانێکی کاتی ؟

یەکەم - گەر قصدی کوشتنی هەبوو و فعلا تاوانلێکراو مرد ئەو ماددەی ئاماژەم پێکرد 406 و سزای لە سێدارەدان شمولی دەکات  .

بەڵام گەر قصدی کوشتن هەبوو بەڵام تاوانلێکراو بەهەر هۆکارێک نەمرد لەدەرەوەی ئیرادەی تاوانکار لێرەدا شروع لە قتل ڕوو دەدات “ لێرەدا تکییفی ماددەکەی دەبێت بە 406/31  و سزای تۆمەتبار لە سزای لە سێدارەدانەوە دادەبەزێت بۆ زیندانی هەتاهەتایی “ واتە بیست ساڵ “

دووەم -  ئەگەر قصدی کوشتن نەبوو تەنها ئامانج لێی نەخۆش خستن و لەدەست دانی ئەندامێک یان بەشێکی جەستە یان هەستێک لە هەستەکان  بێت بەو ژەهرە , لێرەد پێویستە دادگا ڕای خەبیر وەک  پزیشکی پسپۆر یان لیژنەی پزیشکی وەربگرێت کە ئایا کاریگەری یەکانی ژەهرەکە چین و  چ کەمئەندامی و نەخۆشی یەکەی بەردەوام یان کاتی توشی تاوانلێکراو دەکات ؟

لێرەدا گەر سەلمێندرا جۆری ماددەکە تەنها زیان دەگەیەنێت و نابێتە هۆی کوشتن و لیژنەی پزیشکی پشتڕاستی کردەوە و بەڵام دەرکەوت ماددەکە بووەتە هۆی “ عاهە مستدیمە “ و دروست بونی پلەی پەککەوتەیی و لەدەستدانی ئەندامێک هەستێک یان زیاتری تاوانلێکراو  بەبەردەوامی ئەوا بەپێی ماددە “ 412 / بڕگەی / 1 “  کە سزاکەی بریتییە لە زیندانیکردن کە لە پێنج ساڵ دەست پێدەکات و دەگاتە پانزە ساڵ کە بەڕوونی لە ماددەکە باس لە پێدانی ماددەی زیانمەند و ژەهر “ ضارە “ دەکات  .

سێیەم -  ئەگەر هات و ژەهرەکە تەنها ئامانج  لێی ئازار و دەردو نەخۆشی یەکی کاتی بوو و وەجۆری ماددەکەش تەنها بەکاتی زیان بگەیەنێت بە کەسی تاوانلێکراو

لێرەدا بەپێی ماددە “ 413  / بڕگەی / 3 “ کەسی تۆمەتبار کە هەستاوە بەکارەکە سزا دەدرێت بە سزای حبس کە بە بەندکردن دەبێت بۆماوەی سێ ساڵ .

لە کۆتایی دا: هەندێک تاوان هێند ناشرینن بەهیچ سزایەک تاوانکار پاک نابێتەوە چونکە جگە لەوەی مافی ژیان سەندنەوە و کوشتن تاوانێکی گەورەیە ، بەکارهێنانی ڕێگای سامناکی وەک ژەهر تاوانەکە هێندەی دیکە گەورە دەکات چونکە گیان کێشان و مردن کۆتا ئازاری تاوانلێکراوە و ڕەنگە دەیان ڕۆژ و مانگ و تا ساڵ و چەند ساڵ بەو دەرد و ئازارەوە بتلێتەوە ئەو جا بمرێت.

264 جار خوێندراوەتەوە