یاسا چی لە وانە دەکات کە خواردنی خراپبو و بەسەرچو و ساختە و مۆرکراو دەدەنە خەڵکی؟

یاساکانی ئێمە لە زۆر بواردا کۆن و دواکەوتون، گەر بڵێم یاسایەکی تایبەت بەم بوارە نیە ڕەنگە هەڵە نەبێت چونکە تا ئێستا تەنها یەک یاسا هەیە کە ئەویش لە عێراق وەرگیراوە و لەهەرێم بەرکار کراوە بەناوی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر ژمارە “ 9 “ ساڵی “2010 “ کە تایبەتە بەپاراستنی مافی بەکاربەر و هاوڵاتی کە خودی یاساکە یاسایەکی نەرمە و لەخراپترین حاڵەتدا سزای کەسی سەرپێچێکار بریتییە لەبەندکردن بۆماوەیەک لە “ 3 “ مانگ زیاتر نەبێت یان غرامەکردنی بە “یەک ملیۆن دینار“ بەڵام سەرەڕای ئەوەش خودی یاساکە جێبەجێکردنی لەهەرێم بەشێوەیەکی واقعی بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو “ماددە خراپ و بەسەرچو و تەزویر و مۆرکراو و ماوە بۆ درێژکراو و ژەهراویانە “ دەدەنە خەڵکی زۆر کەم و سنوردارە و پێشتریش کارپێکردنی لەلایەن حکومەت ڕاگیرابو بەبیانوی دەرکردنی یاسایەکی باشتر لەهەرێم .

وە لەڕوی یاسایی و واقعی ئێستاوە جگە لەو سزا ماددی یانەی چاودێری بازرگانی دەیسەپێنن کە بڕەکەی کەم و دیاریکراوە  زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەو کارانە دەکەن وەک “سەرپێچیکاری ڕێنمایی قەدەغەکردنی ئەو جۆرە خواردنانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت“ بەپێی ماددە “ 240 “ لەیاسای سزادانی عێراقی و وەک کەسانی سەرپێچیکار “ مخالف “ سەیر دەکرێن نەک کەسانی تاوانکار کە سزاکەی زیاتر نیە لە شەش مانگ بەندکردن و سزایەکی ماددی “غرامە “ کە زۆر جار تەنها بە غەرامەکردن ڕزگار دەبن لە یاسا کە لەبنەمادا بۆ خەڵکانێکە سەرپێچی ڕێنمایی بکەن نەک ئەو تاوانە گەورانەی  ڕۆژانە دەیبینین و بەرامبەر هاوڵاتیان دەکرێت، چونکە خودی یاساکە سزاکەی ئەوەندەیە و بۆشایی یاسایی وایکردوە بەو ماددەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بەو ئاسانی یە لەیاسا ڕزگار بن.

لەبەر ئەوە کاتی ئەوەیە یاسایەک دەربکرێت کەسانی تاوانکاری لەوجۆرە بەسزایەک بگەیەنن یەکسان بێت بەو زیانە گەورانەی کەژیان و تەندروستی و مانەوەی هاوڵاتیانی دەدەن و خەڵکانی خستۆتە مەترسی گەورەوە.

198 جار خوێندراوەتەوە