ئایا هەڵبژاردن و دەنگدان مافێکە و پیادە دەکرێت یان ئەرکێکەو دەبێت جێبەجێبکرێت؟

زۆرن ئەوانەی پێیان وایە هەڵبژاردن و دەنگدان مافێکی سیاسی و سروشتی هەمو تاکێکە و پێویستە وەک هەر یەک لە مافەکانی دیکە بدرێت و بپارێزرێت و پیادە بکرێت، ئازادی تاک لە پیادەکردنی ئەو مافەدا وەک هەریەک لە ئازادییە کەسیەکانی دیکە ڕێزلێگیراو بێت و تاک چ لە پیادەکردنی ئەو مافە چ لە نەکردنیدا دەسەڵاتی ڕەهای خۆی هەبێت.

 

وەپێیان وایە ئەم مافە لە سۆنگەی یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان هاونیشتانیان دا هاتۆتە کایەوە لەپێناو بەشداری و دروستکردنی کایەی سیاسی و حوکمڕانی و کۆمەڵایەتی و پارێزگارییەکی دەستوری و یاساییش زامنی باشتر و جوانتر پیادەکردنی ئەم مافەیە بێ دەستوەردان و هاندان و ناچارکردن بۆ بەشداری یان ناکردنی هەڵبژاردن و دەنگدان.

 

بەڵام لەبەرامبەر دا کەم نین ئەوانەی پێیان وایە  دەنگدان و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا ئەرکە و پێویستە هەموان پێوەی پابەندبن، هێزی پابەندکردنیش بەسەریاندا بریتییە لەو پاڵنەرە سیاسی و کۆمەڵایتی و نیشتیمانیەی کە ناچار بەبەشداریکردنیان دەکات، لەپێناو هێنانە کایەو دروستکردنی ناوەندی نوێی یاسادانان و بڕیار و حوکم لە وڵاتدا ئەویش بەبەشداری و دەنگدان بەو نوێنەرانەی کە بەشایەن و شیاویان دەزانن و متمانەی نوێنەرایەتی بەدەست دەهێنن.

 

لە دەستوری هەمیشەیی عێراقیشداکە باڵاترین یاسای نوسراوە لە وڵاتدا ڕای ئەوانەی وەرگرتوە کەدەنگدان بە مافێکی سیاسی دەزانن و لە ماددەی  (20)ـدا بە ڕوی ئاماژەی بەبەشداریکردنی ژنان و پیاوان داوە لە کاروبارە گشتیەکان و پیادەکردنی مافە سیاسیەکان دا لە ناویاندا مافی دەنگدان و بەشداریکردن لەهەڵبژاردندا.

 

کە لە ئەنجام دا بۆمان دەردەکەوێت کام ڕا زاڵ و زۆرینە بێت ئەوەی گرنگە، دەستوری وڵات سەنگی مەحەکە و بڕیاردەری کۆتاییە لەسەر جۆر و شێوەی بابەتەکە کە وەک مافێکی سیاسی گرنگ لە دەستوری عێراق دا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام لەو گرنگتر هۆشیاری و چاوڕونی تاکەکانە کە تاچەند ئەو هەڵبژاردن کەچەند ساڵ جارێک کاتی دێت وەک مافێک پیادە دەکەن و لەلایەک بەشدار دەبن لە دروستکردنی ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی رەنگدانەوەی خواستەکانیان، هەروەها لەلایەکی دیکە وەک ئەرکێکی  نیشتیمانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەیبینن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو لایەنانەی ڕەخنەو گلەیی و چوار ساڵی ڕابردو دەیانگرێتەوە ئەرکی و دیاریکردنی ئەو لایەنەش دەگرنە ئەستۆ کە دەکرێت بەدیهێنەری پلان و ئامانجەکانی چوار ساڵی داهاتوی تێدا بەرجەستە بکەن.

950 جار خوێندراوەتەوە