یاسایەک لەبری چاودێری و چاکردن سزادانی مێردمنداڵان زیاد دەکات بۆ دو هێندە!

بەپێی یاسای ژمارە “ 5 “ ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان هەمواری دو ماددەی گرنگی یاسای چاودێری نەوجەوانان کراوە لەگەڵ چەند ماددەیەکی دیکە، کە من قسەم لەسەر ماددەکانی 76 و 77 ی یاساکەن کە دو ماددەی سزایین و پێش ئەم هەموارە ڕەچاوی بارودۆخ و تەمەنی نەوجەوانانی کردبو بە جۆرێک کە بگونجێ لەگەڵ ڕاددەی هۆش و بیرکردنەوەی ئەو تەمەنە و سزاکان لەچاو کەسانی سەرو هەژدە ساڵ سوکتر بون و ڕەچاوی ئەو پەیماننامانەی تایبەت بەمافەکانی منداڵی کردبو کە عێراق تیایدا ئەندام بو و لە یاساکە پەیڕەوی کردبو.

بەڵام ئەم هەموارە کە بە حساب هەستاوە بە پیادەکردنی هەموارێکی ساڵی 1998 ی عێراق لەهەرێمی کوردستان لەبری ڕەچاوکردنی هەموارەکەی عێراق و ڕەچاوکردنی سزاکان هەستاوە بە قورس کردنی سزاکان و دو هێندەی کردون و دەستی دادگای نەوجەوانانیشی گرتوە لە دانانی نەوجەوانان لەژێر چاودێری ڕەوشت “ مراقبە سلوک “ لەبری بەندکردن ! بەم شێوەیەی خوارەوە:

* بەپێی ماددە “76“ لە یاساکە پێشتر ئەگەر “صبی“ واتە مێردمنداڵ کە تەمەنی لە نێوان ( 11 بۆ 15 ) ساڵی دایە تاوانێکی بکردایە سزاکەی سجنی کاتی بوایە دەکرا ئەم مێردمنداڵە لەبری سزای بەندکردن کەلەنێوان “ پێنج بۆ پانزە ساڵ دایە “ دادگا بڕیاری بدایە بە بڕیاردان بە هێشتنەوەی مێردمنداڵەکە لەژێر چاودێری ڕەوشت “مراقبە سلوک“ و تسلیمی بەخێوکەر یان باوکی دەکرایەوە لەبری ناردنی بۆ بەندیخانە بەئامانجی پاراستنی مافی منداڵ و شیاندنەوەی لەکاتی ئەنجامدانی هەڵەدا .

بەڵام بەپێی هەموارەکە گەر سزاکەی لە دە ساڵ کەمتر بو ئەو ڕێوشوێنە وەک خۆی دەبێت بەڵام ئەگەر تاوانێک بکات سزاکەی لە دە ساڵ زیاتر بێت ئەوە دەستی دادگای بەستوە لەوەی لەژێر چاودێری ڕەوشت و ڕەوشت دایبنێت و دادگا دەبێت سزای بدات بەبەندکردن لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت .

هەروەها پێشتر ئەگەر “صبی“ واتە مێردمنداڵ تاوانێکی بکردایە سزاکەی بەندکردنی هەتاهەتایی یان لە سێدارەدان بوایە سزا دەدرا بە بەندکردنی “بە پێنج ساڵ“، بەڵام بەپێی ئەم هەموارە سزاکەی لە هەمان ماددەدا زیاد کردوە بەجۆرێک لە “پێنج ساڵ کەمتر نەبێت و لە دە ساڵ زیاتر نەبێت“ واتە زیادکردنی سزاکە بۆ دو ئەوەندە!

کە لێرەدا دەپرسین ئایا منداڵێکی تەمەن یانزە ساڵ تا پانزە ساڵ شایەنی ئەو سزایەیە؟ ئایا هۆش و بیرکردنەوە و تێڕوانینی منداڵ لەو تەمەنەدا قابیلی ئەو سزا قورسەیە؟

* سەبارەت بە ماددە “77“ی یاساکە

ئەمیش تایبەتە بە سزادانی” فتی” واتە هەرزەکار کە تەمەنی” 15ساڵی تەواو کردوە و 18 ساڵی تەواو نەکردوە” ئەگەر تاوانێکی بکردایە کە سزاکەی سجنی مؤقت بوایە واتە لەم کاتەدا دادگا دەیتوانی لەبری بەندکردنی ماوەی “ پێنج بۆ پانزە ساڵ “ منداڵە هەرزەکارەکەی لە ژێر چاودێری سلوک “ مراقبە سلوک “ دابنایە و بەکوردی بەندی نەکردایە و تسلیم بە بەخێوکەر یان باوکی بکرایەوە و هەوڵی باشترکردنی ڕەفتار و ئاکاری دەدرا.

بەڵام لە هەموارەکە دا ئەو تاوانانەی کە سزاکەیان “سجنی مؤقتە “ واتە جنایاتە سزاکەی کردوە بە بەند کردن و دەستی دادگای گرتوە لە دانانی “ فتی” هەرزەکار لە ژێر چاودێری ڕەوشت دا و دادگا دەبێت سزای بدات بە بەندکردن.

وە سزاکەی زیاد کردوە کە پێشتر بریتی بو لە بەندکردن کە لەشەش مانگ کەمتر نەبێت و لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ، بەڵام ئێستا سزاکەی بەجۆرێک لێ کردوە کە نابێت لە چوار ساڵ کەمتر نەبێت و لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت!

کە زیادکردنی ئەم سزایانە بەو جۆرە ناڕەوایە هەم ناگونجێت لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و مناڵان و هەم پێچەوانەشە لەگەڵ ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و خودی ئەو ئامانجانەش کەیاساکە و ئەم هەموارەشی لەپێناودا دەرکراوە

وەپرسیارێک زۆر دەکرێت ئایا ئەم یاسایە بە نهێنی دەرکراوە؟

من ئەم سێ خاڵە بۆ بەڕێزتان دەخەمەڕو و وەڵام جێدەهێڵم بۆخۆتان:

1- پڕۆژەی هەمواری یاساکە بۆ ڕای گشتی نەخراوەتە ڕو یاسا ناسان و ڕاگەیاندن وڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی منداڵان و چین و توێژە پەیوەندیدارەکان لێی ئاگادار نەکراونەتەوە.

2- یاساکە وەک استثناء ێک لە کۆتایی یاساکەدا لەبەرواری دەرچواندن و تێپەڕبونی ماوەی یاسایی بە کارپێکراو داندراوە بێ ئەوەی چاوەڕێی واژوی پەسەندکردن یان نەکردن و گەڕاندنەوەی سەرۆکی هەرێم بکەن بۆ پەرلەمان.

3- یاساکە لە بەرواری 22 / 6 / 2022 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە و لە بەرواری 8 / 9 / 2022 شدا لە ڕۆژنامەی رەسمی وەقایعی هەرێمی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە بەڵام تا ئێستا لە سایتی پەرلەمان دا بڵاو نەکراوەتەوە!.

ئەمانە ئەو خاڵانە بون کەدەکرێت وەڵامی گومان و ئەگەرەکان بداتەوە لەسەر یاساکە کە من پێم وایە ڕەنگە لەبەر سومعەی هەرێم بەو ڕێو شوێنە توندانەدا یاساکە پەسەندکراوە و بڵاو کراوتەوە بەڵام ئایا یاسایەک هێند مەترسی دار بێت لەسەر ناوبانگی هەرێم و مافی مرۆڤ و منداڵان و نەوجەوانان چ گرنگی یەک لە قورس کردنی سزاکانی ناوی و دەرکردنی یەوە هەبو؟.

لە کۆتاییدا
هەر ئامانجێک و مەرامێک لەپشت قورسکردنی سزاکانی مێردمنداڵ و نەوجەوانانەوە هەبێت لەوە کەم ناکاتەوە کە پاشەکشێی مافی مرۆڤ و منداڵ لەنێوان ساڵی 1983 و ساڵی 2022 دا چەند گەورەیە و لەحاڵەتی چاک نەکردنەوە و هەموار نەکردنەوەی ئەو هەڵەیەدا جگە لە ستەم لە هەرزەکار و نەوجەوانان ئەو گومانانەش پشتڕاست دەکەنەوە کەلەسەر مافەکانی مرۆڤ و منداڵان هەیە لەم هەرێمەدا.

136 جار خوێندراوەتەوە