لە چ کاتێک دا تاوانێک کە سزاکەی “ الاعدام “ بێت دادگا دەتوانێت بیکات بە زیندانی هەتاهەتایی “ سجن مؤبد “ ؟


وەک ئاشکرایە هەموو تاوانێک سزای یاسایی خۆی هەیە بەپێی جۆری تاوان و کردارە تاوانی و ئەو بارودۆخ و هۆکارانەی پاڵنەری تاوانەکە بون ، ئەمەش وایکردووە لە یاسا داندراوەکاندا دادگا بتوانێت بەپێی بەڵگەکان و خوێندنەوەکانی خۆی بۆ کەیسەکە بڕیار لە جۆری سزاکان لەبەرامبەر تاوانەکاندا بدات .

یاسای سزادانی عێراقیش وەک یەکێک لە یاسا ڕاقیەکان کە ڕاستە مێژووی نوسینەوە و دانانی دەگەڕێتەوە بۆ شەش دەیەی ڕابردوو بەڵام یاسایەکە تا ئێستاش لەگەڵ کەیسە تاوانکاریەکاندا بۆ وڵاتێکی وکو عێراق و هەرێمی کورداتان گونجاوە بەتایبەتی لە بواری ڕەچاوکردنی تەمەن و هۆکار و پاڵبەر و بارودۆخی کەسی تاوانکار لە لەیەک و پاراستنی مافەکانی کەسانی تاوانلێکراو لەلایەکی دیکە  . 

بۆیە دەبینین لەیاساکەدا کە ژمارە “ 111 “ ی ساڵی “ 1969 “ یە بەپێی ماددە “ 130 “ ڕێگای داوە بە دادگا لە کاتی بونی کەیسێک لەبەردەستی دا کە حوکمەکەی سزای لەسێدارەدانە “ الاعدام “  جا کوشتن بێت یان هەر کەیسێکی دیکە گەر دادگا بینی بارودۆخی سوککردن “ عذر مخفف “ لە کەیسەکدا هەبوو دەتوانێت سزاکە داببەزێنێت لە سێدارەدان بۆ زیندانی هەتاهەتایی “ سجن مؤبد “ یان زیندانی کاتی کە دەستپێدەکات لە پێنج ساڵ بۆ پانزە ساڵ زیندانی کردن یان حبس کردن کە کەمتر نەبێت لە یەک ساڵ ! . 

کەئەمەش ئاماژەیە بۆڕەنگانەوەی  فەلسەفەی پشت بەکارهێنانی بارودۆخەکانی  سوککردنی سزا لەو کاتانەدا کە یاسا ڕێگای داوە  بە دابەزاندنی سزاکەی وەک “ تەمەنی کەسی تاوانکار ، نەبونی پێشینەی تاوانی ، بونی لێخۆشبونی سکاڵاکار لە تۆمەتبار ، پەشیمانی و داننان بە تاوانەکدا “ 

لەبەر ئەوە لەو کەیسانەی بەتایبەتی “ کوشتن “ کە لەسەرەتای کەیسەکەوە سکاڵاکار یان ڕای گشتی چاوەڕوانی سزای لەسێدارەدان دەبن کاتێک دادگا سزاکە کەمدەکاتەوە بۆ زیندانی هەتا هەتایی لایان سەیر دەبێت بێ ئاگا لەوەی وردەکاری و بارودۆخەکانی کەیسەکە ڕەنگە وای کردبێت دادگا بگاتە ئەو بڕیارە . 

وە نابێت ئەوەشمان بیر بچێت سزای زیندانی هەتاهەتایی تەنها ناوەکەی هەتا هەتایی “ سجن مؤبد “ ە ئەگەر نا بەپێی ماددە “ 87 “ لە هەمان یاسا زیندانی هەتاهەتایی بریتییە لە زیندانیکردنی حوکم دراو بۆماوەی بیست ساڵ نەک زیاتر یان تا هەتایە . 

پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی
25/6/2024

229 جار خوێندراوەتەوە