خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی: هیچ کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سەوزە نەماوە بە ئاوی قورس ئاوبدرێت

KNN : Kurdish News Network
11:26 - 05/08/2024
تەندروستی
+
-

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا هیچ کێڵگەیەکی سەوزە نەماوە لەناوەو و دەرەوەی سلێمانی بە ئاوی قورس ئاو بدرێت، دەشڵێت: لەم هەفتەیەدا رێژەی توشبون بە سکچون و رشانەوە زۆر زیادی کردوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

 د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند، نوسراویان کردوە بۆ قائیقامییەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا هەمو ئەو کێڵگانەی سەوزەی لێبەرهەمدەهێنرێت و بە ئاوی قورس ئاو دەدرێن، لاببرێن یان رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

 

دەشڵێت: ئێستا لە ناو شاری سلێمانی هیچ کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سەوزە نەماوە بە ئاوی قورس ئاوبدرێت و سەرجەمیان لەژێر کۆنتڕۆڵدان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای هاتنی وەرزی گەرما بەوردی کاردەکەن لەسەر کۆنتڕۆڵكردنی سکچون و رشانەوە، هەفتانە ئامارەکان وەردەگرن و بەراوردی دەکەن بە ساڵانی رابردو، لە هەفتەی رابردو رێژەکە کەمی کردبو، بەڵام لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە رێژەی توشبون بە سکچون و رشانەوە بەرزبوەتەوە.

 

جەختیلەوەش کردوە، ئەمساڵ تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بە کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارنەکراوە.

 

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی وتی: بۆئەوەی دوربن لە توشبون بە سکچون و رشانەوە پێویستە هاوڵاتییان زیاتر ئاگاداری ئەو ئاوە بن کە بۆ خواردنەوە بەکاریدەهێنن و دوربکەونەوە لە ئاوی بیر و شەمعەکان، هەوڵبدەن ئەو ئاوە بەکاربهێنن کە لەکارگەکان بەرهەمدەهێنرێت، چونکە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەواندان.

 


بۆ خۆپارێزی لە پەتای سکچون ئەم رێنماییانە جێبەجێبکە:

 
تانکی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان شەش مانگ جارێک پاک بکەنەوە

پێویستە سەوزە و میوە بە باشی بشۆرێتەوە و بە ماددەی په‌رمه‌نگه‌ناتى پۆتاسیۆم یان به‌ خوێ یان هه‌ر پاكژكه‌ره‌وه‌یه‌كى تر پاشان ئاوێكى زۆرى پێدابكه‌

خواردنى سه‌ر عه‌ره‌بانه‌و ده‌ست گێره‌كان مه‌خۆن بۆ پاراستنتان له‌ نه‌خۆشی

دڵنیابه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌  ته‌نها ئاوى به‌لوعه‌ یان بوتڵ كراوى كارگه‌كان به‌كاربهێنه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئاوى بیرت به‌كارهێنا به‌باشى بیكۆڵێنه‌ پاشان به‌كارى بهێنه‌

ده‌سته‌كانت به‌ به‌رده‌وامى بشۆ به‌ سابونى شل به‌ تایبه‌تى

پێش نان خواردن، ئاماده‌كردنى خواردن، شیرپێدانى دایك بۆ كۆرپه‌كه‌ى، ئاماده‌كردنى خواردن و شیر بۆ منداڵ - به‌كارهێنانى ده‌رمان

پاش توالیت، نان خواردن، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ نه‌خۆش، پاككردنه‌وه‌ى منداڵه‌كه‌ت

له‌ كاتى توشبونت به‌ سكچون و رشانه‌وه‌ شله‌مه‌نى زۆر بخۆ و به‌ زووترین كات سه‌ردانى نزیكترین مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى بكه

752 جار خوێندراوەتەوە