ئێران: بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل پێویستمان بە رەزامەندی كەس نییە

KNN : Kurdish News Network
01:42 - 13/08/2024
جیهان
+
-

لەوەڵامی داواكارییەكانی ئەمەریکا و ئەوروپییەکان بۆ وەڵام نەدانەی ئیسرائیل، تاران رایگەیاند: پێویستییان بە مۆڵەتی هیچ وڵاتێك نییە كە هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: بۆ بەرگری كردن لە سەروەری خاك و تۆڵە كردنەوەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆسەر میوانەكانی کۆماری ئیسلامی، بڕیاریان داوە وەڵامی شایستەی ئەو وڵاتە بدەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تاران  داوای مۆڵەت لە هیچ کەسێک ناکات بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانی.

 

 

وتیشی: داواکاری بۆ بێدەنگبون و وەڵام نەدانەوە پێچەوانەی بنەما و بڕگەکانی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، لەبەر ئەوەی كار بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی گشتی بۆ ئیسرائیل دەكرێت، ئەوەش لە لۆژیکی سیاسی جێگەی نابێتەوە.

 

 

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو وڵاتانەی داوا دەكەن تاران هێرش بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام نەدات، با داوای راگرتنی جەنگی غەززە لە تەلئەبیب بكەن كە هێرشەكانی بۆ سەر خەڵك و دانیشتوانی فەڵەستین بوەستێنێت.

 

 

دوای بەئامانج گرتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی بزوتنەوەی حەمماسی فەڵەستینی لەتاران، كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنیدا كە تۆڵەی هێرش و پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بداتەوە، هاوكات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی بۆ دورخستنەوە و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕكردوەتەوە.

175 جار خوێندراوەتەوە