حەماس: بەشداری دانوستانی نوێ بۆ ئاگربەست ناكەین

KNN : Kurdish News Network
06:24 - 14/08/2024
جیهان
+
-

بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە بزوتنەوەی حەماس بەشداری كۆبونەوەكان بۆ رێككەوتن لەسەر ئاگربەست ناكات و ئێرانییەكانیش جەخت دەكەنەوە؛ تاكە رێگر بۆ هێرش نەكردنە سەر ئیسرائیل راگرتنی دەستبەجێی جەنگی غەززەیە.


هەواڵ: (KNNC)



ئەمڕۆ چوارشەممە، بزوتنەوەی حەماس بڵاویكردەوە: لەدانوستانە نوێكان بۆ رێككەوتن لەسەر راگرتنی جەنگ و ئاڵوگۆڕكردن بە دیلەكان، كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە قەتەر بەڕێوەبچێت، بەشداری ناكات، هۆكارەكەشی بەردەوامی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر كەرتی غەززە.


میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، بڕیار وابو سبەینێ پێنجشەممە شاندی دانوستاكار سەردانی قەتەر بكەن، بەڵام بزوتنەوەی حەماس لەبری گفتوگۆكان داوای جێبەجێکردنی پێشنیازەكانی پێشتریان دەكەن كە لەلایەن وڵاتەكەیانەوە رەت كراوەتەوە.


پێشتر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایگەیاندبو، پێشبینی دەكات كۆبونەوە ناڕاستەوخۆكانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە قەتەر بەرەوپێشچونی باش بەخۆیانەوە ببینن و هەوڵی تەواویش دەدەن كە ئاگربەست رابگەیەندرێت.


دوێنێ سێشەممە، سێ بەرپرسی باڵای ئەمەریكا ئاشكرایانكردبو، تاكە رێگە بۆ رێگری كردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێرش نەكردنە سەر ئیسرائیل راگرتنی دەستبەجێی جەنگی غەززەیە، و دواتریش ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانە.


لای خۆشیانەوە، ئێرانییەكان جەختیان كردەوە، وەڵامی ئەو دەستدرێژیانەی ئیسرائیل دەدەنەوە كە لەماوەی رابردودا هێرشی كردوەتە سەر سەروەری خاكی وڵاتەكەیان و میوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەئامانج گرتوە، بەڵام تاكە مەرج بۆ راگرتنی هێرشەكانیان دەستبەجێ راگرتنی جەنگی غەززەیە.

571 جار خوێندراوەتەوە