دژى ئەو بڕیارەى دەنگى
ژنان لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەکات، کچان و ژنانى ئەفغانستان گرتە ڤیدیۆیی خۆیان
لەکاتى گۆرانی وتندا بڵاو دەکەنەوە و بە توندیش ئەو بڕیارە رەت دەکەنەوە.
هەواڵ:KNNC
لەم دواییانەدا، تاڵیبان
کۆمەڵێک بڕیار و سنوردارکردنێکى نوێی راگەیاند لەژێر ناوى "بەرەنگاربونەوەى
خراپەکاریی و بەرەوپێشبردنى فەزیلەت" و بەڵگەنامەیەکە پێکدێت لە 35 ماددە کە
کۆمەڵێک یاساى توندى لەخۆگرتوە، یەکێک لە یاساکانیش قەدەغەکردنى دەنگى ژنانە لە
شوێنە گشتییەکان، بەپێی ئەو یاسایە ژنان بۆیان نییە گۆرانى بڵێن یاخود بەدەنگى
بەرز لە شوێنە گشتییەکان بخوێننەوە و رێگەیان نادرێت دەنگیان لە دیوارى ماڵەکەیان
تێپەڕێت.
ئەم بڕیارانەى تاڵیبان کاردانەوەى ژنانى
ئەفغانستانى لێکەوتوەتەوە، لە تەواوى وڵاتەکەوە ژنان و کچان ڤیدیۆى خۆیان دەکەن
لەکاتى گۆرانى وتن و رەتکردنەوەى توندى ئەو بریارەدا و بڵاوى دەکەنەوە وەک
بەرهەڵستییەکى بڕیارەکەى تاڵیبان لە دژیان.
یەکێک لەو ژنانەى کە ڤیدیۆى خۆى بڵاوکردوەتەوە
دەڵێت: "هیچ شت و سیستم و پیاوێک ناتوانێت دەمى ژنێکى ئەفغانى دابخات"
یەکێکى دیکەیش لە گرتەکان ژنێکى دیکەیە و دەڵێت:"دەنگمتان کپ کرد و بە تاوانى
ژنبونیشم لە ماڵەکەم زیندانیتان کردوم".
پێشتر و لەبارەى ئەم بڕیارەوە، کۆمیسیارى باڵاى
نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافى مرۆڤ داواى رەتکردنەوەى ئەم بڕیارەى تاڵیبانى کرد و بە
بڕیارێکى ناپەسەند و قبوڵنەکراو وەسفیکرد.
لەگەڵ گەڕانەوەى تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە
ئەفغانستان، مافەکانى ژنان بەشێوەیەکى دیار و بەچاو بنپێ خراون و رێگەى خوێندن و چونە
دەرەوە و گەشتکردن و چونە شوێنە گشتییەکان و چونە هۆڵەکانى لەشجوانی و چەندین مافى
سەرەتایی دیکەیان لێ قەدەغە کراوە.
239 جار خوێندراوەتەوە