دوای سێ ڕۆژ، ئەمڕۆ ئاگربەستی کاتی نێوان حەمماس
و ئیسرائیل کۆتای هات و نەتەوەیەگرتوەکانیش داوادەکات ئاگربەستەکە بکرێتە هەمیشەیی.
هەواڵ:KNNC
رێکخراوی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی
فەڵەستین (UNRWA)،
دوای ئەوماوەیەی دیاریکرابو بۆ هەڵمەتی کوتان دژی ئیفلیجی لە راپۆرتێکدا سەرکەوتنی
هەڵمەتەکەی راگەیاندوە و ئاماژەی بەوە کردوە ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و "پێشکەوتنی
گەورەیان بەدەستهێناوە" و جەختیشی کردوەتەوە لە کارەکەیان بەردەوام دەبن.
هۆشداریشیداوە کە پێویستە ئەم ئاگربەستە بەردەوامی
هەبێت و ئیدی ئەو شەڕ و ئازار و ئابڵوقەیەی نزیکەی 11 مانگە بەرۆکی کەرتی غەززە و
دانیشتوانەکە گرتوە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتوە، دوای سێ رۆژ لە
دەستپێکردنی قۆناغی هەڵمەتەکە لە ناوچەکانی شەڕ لە غەززە، توانیویانە نزیکەی 187 هەزار
منداڵ بە ڤاکسینی ئیفلیجی بکوتن و لە قۆناغی دوهەمدا هەڵمەتەکەیان لە ناوچەکانی دیکەی فەڵەستین بەردەوامی دەبێت.
هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە یەکی ئەیلولەوە دەستیپێکرد
نوێنەری تەندروستی جیهانیی لە کەرتی غەززە، رایگەیاندوە نزیکەی 640 هەزار منداڵ لە غەززە دەژین بە مەبەستی
پاراستنیان لە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان، دەستدەکرێت بە کوتانیان دژی نەخۆشییەکە.
ئەم هەڵمەتە کە بریتییە لە کوتانی منداڵانی
خوار تەمەنی 10 ساڵ، دوای پشتڕاستکردنەوەی حاڵەتێکی ئیفلیجی منداڵان بە جۆری دوەمی
ڤایرۆسەکە راگەیەندرا کە توشبوەکە منداڵێکی
ساوا بو لە کەرتی غەززە .
بەپێی ئاماری تەندروستی فەلەستین لە 25 ساڵی رابردودا ئەمە یەکەم حاڵەتی
ئەم جۆرە نەخۆشییە بوە کە تۆمارکراوە و هەر ئەمەش وایکرد ئیسرائیل و حەمماس رێکبکەون لەسەر ئاگربەستی کاتی بۆ
ماوەی سێ رۆژ تا هەڵمەتەکە جێبەجێ بکرێت، ئەمڕۆش وادەی رێککەوتەکە کۆتایی هات و دیار
نییە درێژ دەکرێتەوە یاخود نا.
پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی لە
"ئیفلیجی منداڵان لە کەرتی غەززە" دابو ، بەهۆی نەبونی "دەرمانی پێویست
و خزمەتگوزاری پزیشکی" لە ئەنجامی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی شەڕەوە دروست بوە،
ئاماژەی بە مەترسی گەورە دابو لەسەر بڵاوبونەوەی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە.
201 جار خوێندراوەتەوە