سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح جەخت دەکاتەوە کە لە هەموارى نوێی یاساى بارى کەسێتى عێراق هیچ بڕگەیەکى رێگە بە هاوسەرگیریی خوار تەمەنى یاسایی نادات و دەڵێت: ئەوانەى دەوترێن چەواشەکارییە.
هەواڵ: KNNC
عودەی عەبدولهادی، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، لە هەموارکردنەوەی نوێی یاسایی باری کەسێتیدا هیج بڕگەیەک بۆ هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بونی نییە.
رونیشیکردەوە؛ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نۆ ساڵ یان زیاترە لە هەمواری باری کەسێتیدا رێگەیان پێنادرێت هاوسەرگیری بکەن، وتیشی '' یاسا زامنی ئەوە دەدات کە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا ئەنجام نادرێت بۆ زامنکردنی مافی ژنان و منداڵان''.
عەبدولهادی ئاماژەی بەوەشکرد؛ "چەند رۆژێکە هەواڵ و زانیاری ناڕاست سەبارەت بە هەموارکردنی یاسایی باری کەسی لەلایەن لایەنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە کە هەوڵی ئەوەدەدەن زیان بە بڕگەکانی هەموارەکە بگەیەنن بۆ دروستکردنی چەواشەکاری".
دوپاتیشی کردەوە، مافی هەڵبژاردنی هەر یاسایەکی باری کەسی بە هەمو عێراقییەک دەدرێت.
195 جار خوێندراوەتەوە