دوای
وەرگرتنی چارەسەری پێویست و راهێنانی وەرزشی (2000) ئالودەبو ماددە هۆشبەرەكانیان
تەرككردوە و بەسەركەوتویی قۆناغەكەیان تێپەراند هەروەها بەتەندروستییەكی باشەوە
گەڕێنرانەوە ناوكەسوكاریان.
هەواڵ: (KNNC)
حسێن یوسف،
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان بڵاویكردوەتەوە؛ دوای
ئەوەی لەلایەن پزیشكی تایبەتی دەرونی و ئەنجامدانی راهینانی هۆشیاری، وەرگرتنی
چارەسەری پێویستی تەندروستی و دانای بەرنامەی وەرزشكردن (2000) ئالودەبوی ماددە
هۆشبەرەكان توانیویانە بەسەركەوتویی قوناغەكە تێپەڕێنن.
وتیشی: دوای
شایستەبونیان بۆ تێكەڵبونەوە بە كۆمەڵگە، بەرەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك
وەزیرانی عێراق سەرجەمیان رەوانەی ماڵی خۆیان كراونەتەوە و ئیستا لەگەڵ
كەسوكارەكانی خۆیاندا بەتەندروستییەكی باشەوە ژیانیان بەسەر دەبەن.
بەڕێوەبەری
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپشت بەستن بە ئەو داتا و
زانیارییانەی تۆماركراون و بۆدڵنیابونەوە لەسەلامەتییان و گرتنەبەری رێكاری پێوستی
ئەمنی لەكاتی پێویستدا، بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان بەردەوام چاودێرییان
دەكات.
128 جار خوێندراوەتەوە